هۆلاکۆ پەلاماری بەغدای دا موعتەسەم ئاخر...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  649 بینین

هۆلاکۆ پەلاماری بەغدای دا. موستەعسەم ئاخر خەلیفەی عەباسی بوو، هۆلاکۆ ویستی بیکوژێ، پیاوانی ئایینی وایان بڵاوکردبۆوە کە ئەگەر خەلیفەکانی عەباسی نەمێنن دنیا ئاخر ئەبێ. ئەم قسەیە بە جۆرێ بڵاوببۆوە تەنانەت بەر گوێی هۆلاکۆیش کەوتبوو، وە بوو بە ترسێک لە دڵیا.

لە پاش گەلێ سێ و دوو کردن لەم بابەتەوە ئاخر قسەی هاتە سەر ئەوە وتی موستەعسەم بگرن و بیخەنە ناو لبادێک و بیسوونەوە. ئەگەر تەمومژ و نیشانەی دنیا ئاخر بوون پەیدا بوو، ئەوا بەڕەڵای کەن و منیش واز لەم فیکرەیە دێنم، ئەگەر خۆ هیچیش ڕووی نەدا ئیتر بە جارێ بیکوژن. لە ڕاستیدا هێنایان وەکوو ئەو وتی وایان لێ کرد، سەیریان کرد هیچ نیشانەیەکی دنیا ئاخربوون پەیدا نەبوو. ئینجا هێنایان لە «١٢٤٢»ی میلادی کوشتیان و بنەماڵەی عەباسی بە دەست هۆلاکۆوە بە تەواوی دوایی هات.