ژنێک کچێکی هەبوو، مێردی کرد. ئەو شەوە کە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  941 بینین

ژنێک کچێکی هەبوو، مێردی کرد،. ئەو شەوە کە بیگوێزنەوە ئەو قسانەی لەگەڵ کرد وتی: کچم ئەو ماڵەی کە چاوت تیایا پشکوت، کە بە ناز لە ناویا گەورە بوویت، کە بە تیلی خۆشەویستنی باوک و دایک گەشەت ئەکرد، ئەوا ئێستە بەجێی دێڵیت. ئەبی بە هاوسەری کەسێک، دوور نییە تا ئێستا یەکترتان نەدیبێت، هۆگریتان پێکەوە نەبووبێت، ئەبی بە هاوسەری یەکێک کە پێکەوە ڕانەهاتوون، ئەبێ ببی بە کارەکەرێک بۆی تا ئەویش ببێ بە خزمەتکارێک بۆت، ئەچیتە ماڵێک نە دەنگی باوکی تێدایە نە هی دایک، بە پارێزەوە پێی تیا دائەنی، هەر هەنگاوێکت سڵەماننەوەیەکە.

کچم ئەگەر بتەوێ لەم ژیانە تازەیەدا بەرخوردار بیت، ئەم ئامۆژگاریانەی من بکە بە گوارەی گوێت، بۆ ئەوە هەموو ئەو ژیانە تازەیەت وەکوو گوڵی تازەی بەهار گەش و تێراو بێت: بە قنیات بە، چیت هاتە بەردەست پێی ڕازیبە، مێردت هاتەوە بە ڕوویەکی خۆشەوە بچۆ بە پیریەوە، ئەگەر شتێکی هێنایەوە و دای بە دەستەوە، با کەمیش بێ، وای لێ وەربگرە و بە جۆرێ لە ڕووی ئەوا پێت خۆش بێ کە تۆ هەرگیز شتی وا خۆش و جوانت نەدیوە. با لە ماڵی باوکیشتا ئەو شتەت دیبێ، قسەی لە گوێ بگرە و چەلەحانێی لەگەڵ مەکە.

سەیری ئەو شوێنە بکە کە ئەو سەیری ئەکا، ئاگاداری ئەو شوێنە بە کە ئەو بۆنی ئەکا، چونکە ئەو شوێنە ئەگەر پیس و پۆخڵ بوو تۆی لە بەرچاو ئەکەوێ، ئەگەر بۆنی ناخۆشی کرد لووتت پیا نایەنێ، پیاو حەز لە شوێنی پاک و خۆش ئەکا. ئاگاداری وەختی خواردن و نووستنی بە. لە وەختی خۆیا نانی بۆ دابنی و لە وەختی خۆیا بینوێنە، چونکە برسێتی نانی هاری بە دەمەوەیە و بێ خەوی ئاگری تووڕەیی و غەزەبی تیژ ئەکا. ئاگاداری ماڵی بە و ئاگاداری مناڵی بە. کە ماڵیت بە خۆڕایی دۆڕاند خۆت بێ ماڵ ئەبیت. کە بێ ئاگا بووی لە مناڵی، وەقار و سەنگینی ئەو پیاوە نامێنێ، کە هی ئەو نەما تۆ سووک ئەبیت. پەروەردەی مناڵ بە دەست دایکە نە باوک. بێ قسەیی مەکە، نهێنیەکی کەهەبوو ئاشکرای مەکە؛ چونکە ئەگەر بێ قسەیی بکەی، ئەو جا دڵی لێت پڕ ئەبێ، ئەگەر نهێنیەکەی ئاشکرا بکەی ئەمین بە لەوە کە تۆڵەت لێ ناکاتەوە. خۆشی و ناخۆشی ئەو و خۆت هەردووکی کلیلەکەی لە دەست تۆ دایە. پیاوێکیش ئامۆژگاری کوڕەکەی ئەکرد، پێی وت: ڕۆڵە! کە ویستت ژن بهێنیت زوو بیهێنە با پێکەوە پیر ببن و منداڵیشتان ببێ بە سوار لە دواتانەوە. تۆ پیر و ئەو جوان لە ئاخر عومرا ڕێناکەون. خزم باشترە لە بێگانە، هەموو جار قسەی خۆشی لەگەڵا بکە، بیروڕای وەربگرە، مەرجیش نییە بە گوێی بکەی، لە بەرچاوی خەڵکەوە بە دەمی پێکەنین و بە چاوی بەرزەوە سەیری بکە. ئەو ژنە کە ئەیهێنی ئەگەر لە عومری شانزە تا بیست و چوار بوو زیاد لە ئەندازە مەچۆرە لای، چونکە ڕەنگبێ لە ئەوەڵەوە برسی بیت، ئاگات لە خۆت نەبێ، بەڵام لە پاش ماوەیەک تۆ وا نامێنیت و بۆت تێر ناکرێ، ئەویش بە ئاوەدانێکی تر فێر بووە، لەوانەیە بۆت زەوت نەکرێ، ئیشی وا بکا ئابڕووی هەردوو لاتان بڕوا. هەر جارە کە شتێک ئەبینی بۆی بێنە و بە ڕوویەکی خۆشەوە بیدەرێ، بڵێ ئەمەم بۆ تۆ و لەبەر تۆ هێناوە.