قانعی شاعیر گێڕایەوە وتی ئەوا دەستەیەکین...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  445 بینین

قانعی شاعیر گێڕایەوە وتی:

ئەوا دەستەیەکین چووین بۆ ماڵی شێخ عەولی سەرکان و بووین بە میوانی ئەوان و دامان نابوو کە ئێستا مەڕێکمان بۆ سەر ئەبڕێ و مەنجەڵی پڵاو و گۆشتمان بۆ ئەخەنە سەر. کە چووین و دانیشتین، شێخ عەولی خۆی بەخێرهاتنێکی زۆر گەرمی کردین و لە پاشا دەستی کرد بە گێڕانەوەی «ڕاو»ی ئەو ڕۆژەیان. کردی بە گاڵە کە چۆن کەروێشکیان هەستاندووە و کەوتوونەتە شوێنی، وتی: لەو لاوە تانجیمان تێ بەردا و کردمان بە قریوە لێی لەملاوە چەن زەلامێک بەریان لە کەروێشک بڕییەوە و دەستەی بن ڕان کردیان بە هەرا. ئەمجا لەناکاو و لەسەر خۆی بەری کرد بەو لاوە و وتی: ئامینە ئا ترشاوێک لێ نێ بۆ ئەمانە.

دیسان تێ هەڵچۆوە و بە کەف و کوڵەوە وتی: بە خوا تانجیم تانجی بوو لە پاڵەکەدا خۆی گەیاند بە کەروێشک و گرتی خێرا حەمە چوو لە دەمی وەرگرت و سەری بڕی، بە ڕاستی ڕاوی ئیمڕۆمان زۆر خۆش بوو. ئەمجا قانع وتی: ئێمەش دەممان بوو بە تەڵەی تەقیوەوە، بە تەمای چی بووین و کە چی تووشی خواردنی چی هاتین؟!