شێخ محەمەدی شێخ جەلال بۆی گێڕامەوە وتی شێخ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  372 بینین

شێخ محەمەدی شێخ جەلال بۆی گێڕامەوە وتی:

شێخ محەمەدێک هەبوو لە تەکیەی لای ئێمە «تەکیەی قەرەداغ» پێیان ئەوت شێخ محەمەدە جنۆکە! ئەو شێخ محەمەدە نوشتە و شتی ئەکرد، پارچە زەوییەکی هەبوو لەگەڵ پیرێژنێکا هاوسنوور بوون، بە درێژایی زەویەکە بەردیان دابوو بە بەینا، بۆ ئەوەی زەوی هەر دوو لایان دیار بێ. ئەمجا ئەم شێخ محەمەدە جنۆکەیە هەموو ڕۆژێ ئەچووە سەر بەردی سنوورەکە قورعانێکی هەبوو لەگەڵ خۆی ئەیبرد، ئەیگرت بە بەرچاوییەوە و بەدەم گەڕانەوە قورعانی ئەخوێند. لە ژێریشەوە بە پێ، پێی ئەدا لە بەردی سنوورەکە و ئەیخشانە ناو زەوی پیرێژنەکەوە! بەم جۆرە گەلێ لە زەوی ئەو پیرێژنەی خستبووە سەر زەویەکەی خۆی! بەڵام ئەم شێخ محەمەدە لە ئەنجاما بە نەخۆشی سێڵ مرد و دنیا و زەوییەکەی بەجێ هێشت!