لەو کوردەوارییە باوە کە نوێژی جەژن کرا...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  343 بینین

لەو کوردەوارییە باوە، کە نوێژی جەژن کرا خەڵکەکە ئەچن بۆ ماڵان بۆ جەژنە پیرۆزە. لە گوندی «شوێ» لەو وڵاتی «بانە» یە پاش ئەوەی جەماعەت نوێژی جەژن ئەکەن مەلایەکیان پێشیان ئەکەوێ و ئەچن بۆ ماڵەکان بۆ جەژنە پیرۆزە. کە ئەچنە هەر ماڵێکیش شتێک هەر ئەخۆن. هی واشیان تێدا ئەبێ هیچ ناخوا. بەڵام مەلا بەلایەوە «سوننەت» ە لە هەموو ماڵەکان شت بخوا. وای لێ دێ ئیتر ناتوانێ بەپێیان بڕوا. کەرێکی بۆ دێنن سواری کەرەکە ئەبێت و پێش خەڵکەکە ئەکەوێ. ئەمجا وای لێ دێ ئیتر ناشتوانێ داشبەزێ. هەر بەسەر گوێدرێژەکەوە پیرۆزبایی ئەکا. شتێکیان کە هێنا هەر بەسەر کەرەکەوە پاروویەکی لێ ئەخوا و ئەڵێ: بەزیادی کەن.

لە ئاخرا ماڵی پیرێژنێک ئەمێنێ ئەچن بۆ ئەوێش. بەبێ دابەزین لەبەر دەرگاکە پیرۆزبایی ئەکا و ئەڕوا. جەماعەتیش بە شوێنیەوەن. لەوەش ئەکەوێ هەر لەسەر کەرەکەوە شت بخوا! پیرێژنە دێت بەردەمی ئەگرێ و ئەڵێ: بەقوربانت بم شیرەوامان هەیە ئەبێ بۆ پیرۆزبایی پاروویەک هەر بخۆیت. مەلاش ئەڵێ: سەری کەرەکە بگێڕنەوە شیرەوا سووکە!