حاجی مستەفا پاشای یامڵکی لە نەخۆشی مردنیا لە

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  386 بینین

حاجی مستەفا پاشای یامڵکی لە نەخۆشی مردنیا لە خەستەخانەی مەجیدیە بوو لە بەغدا، ڕۆژێک دەست ئەکا بە گریان خوڕ خوڕ ئاو دێتە خوارەوە بە چاویا. پێی ئەڵێن: پاشا! خوا شیفات ئەدا و دەرئەچی بۆچ وا بێتاقەتی ئەکەی!

ئەوە وا نییە هەر کەس نەخۆش بکەوێ بمرێ. ئەویش ئەڵێ:

ئەوە ئێوە ئەڵێن چی؟! من بۆ ئەوە ناگریم کە ئەمرم، ئەمرم بە گوونی بارگیرتانەوە. بۆ ئەوە ئەگریم تا ئەو وەختە من، من بووم ئەم ناسک و نازدارانە لە کوێ بوون. ئێستاکە من هیچم پێ نەماوە چۆن ئەم فریشتانە وەکوو پەپوولە بە دەورما ئەسووڕێنەوە؟! من بۆ ئەمە ئەگریم.(مەبەستی سیستەرەکان بوو)!