ئەزانی لە ساڵی ١٩٣٩ەوە تا ساڵی ١٩٧٩ واتە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  375 بینین

ئەزانی لە ساڵی ١٩٣٩ەوە تا ساڵی ١٩٧٩، واتە ماوەی ئەم چل ساڵە تەنیا ٣٦ ڕۆژ شەڕ نەبووە؛ کە ئەڵێم نەبووە، واتە لەنێوانی حکومەتەکانا، ئەگینا لەنێوانی بەرە و تایفەکانا ئەو زۆر بووە، بەڵکوو لەنێوانی تاکە تاکەی خەڵکا، ٢،٠٣٦،٨٠٠،٠٠٠،٠٠٠ شەڕ قەوماوە، واتە هەموو چرکەیەک شەڕێکی تێدا بووە! لەم حسابەدا هەریەک تاقەکەسێکی ئادەمیزاد ئەگرین بەدەستەوە، واتە یەکێک لەگەڵ یەکێکی تر لەسەر توێکڵەشووتی شەڕێکی کردووە؛ لەدوای ئەوە، هەر ئەو کەسە لەگەڵ یەکێکی تر و یا لەگەڵ کەسی پێشوو لەسەر موروویێک شەڕی کردووە، دوای ئەو؛ یەکێکی تر لەگەڵ یەکێکی کەدا لەسەر سەلکێ چەوەنەر شەڕی کردووە! هەروا پێوە بڕۆ! من قسە لەوەوە ناکەم کە دوو کەس و یا سێ دکەس لە یەک کاتا لەسەر دوو شت یا سەد شت شەڕیان کردووە؛ ئەگەر ئەوە بێنینە ناوەوە ئەوە ئەبێ حسابی ئەوە بکەین کە ئەم ڕووناکی ڕۆژەی ئێمەی داگرتووە تەنیا نیوەی ڕووناکییەکەیە، نیوەکەی بەهۆی ئەو شەڕ و جەنگانەوە تاریک بووەوە، ئەوان بەری ئەو نیوەوەیان گرتووە! جا ئیتر قسە لە شەڕی گیانلەبەرەکانی ترەوە مەکە!