یەکێک لە دۆستان ئەمەی لای خوارەوەی بۆ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  585 بینین

یەکێک لە دۆستان ئەمەی لای خوارەوەی بۆ گێڕامەوە، وتی:

ئەوا دەشتێکە لە وڵاتی سایەنقەڵا، شەونمی بەهار ڕازاندوویەتەوە، گوڵ و گوڵزارە، ڕێحانە و وەنەوشە دەستیان لە ملی یەک ئاڵاندووە، خەرمانەی گوڵ و خەرمانەی مانگ چاوشارکێ ئەکەن؛ لەو بەهەشتەدا و لە دەشتەدا تاقە گۆڕێکی لێیە، وا دیار بوو دڵی دڵدارانی ئەکولاندەوە، دڵی ئەکولاندەوە بە چی؟ بە خامۆشییەکەی! بە خامۆشی ئەو کەسە کە لە دوتوێیدا سەری ناوەتەوە و دڵی کردۆتەوە بۆ نەوای نازداران و بۆ دەنگی خەرمانان!

وتی: لەسەر ئەو گۆڕە، پەرییەک هەبوو باوەشی پیا کردبوو، وەکوو بارانی بەهار فرمێسک بەچاویا ئەهاتە خوارەوە و وەکوو کۆتری یاهوو ئەیلاواندەوە، نەک دڵی هەر ئەو کەسە لە گۆڕەکەدا بوو، بەڵکوو دڵی بەردیشی ئەتواندەوە!

چووم بە لایەوە هەستم بۆ ڕاگرت وەکوو ئەو هەستەی کە بۆ سرووشت ڕائەگیرێ. چۆن دەنگی بەسۆز لە کەمان و پیانۆی بەسۆزەوە ئەزرینگێتەوە، ئەویش لە گوێدا ئەلەرێتەوە!

وتم ئەی پەری! بۆچ وا ئەگری؟ ئەی دڵبریندار! بۆچ ئەوەندەی تر دڵی دەروونی ئەو خاکە بریندار ئەکەی؟! ڕاچەنی، دڵمی تەنی! سەیرم کرد ڕوومەتی ئەو لەناو قژە شەوەیەکەیدا دەرکەوت، ناتوانم بڵێم مانگی چواردە بوو لەناو پەڵەهەورە ڕەشەکانی ئاسماندا کە سەری ئەهێنایە دەرەوە، چونکە ئەو مرواریی فرمێسکە لەناو دوو چاویا کە ئەهاتە خوارەوە بە ڕوومەتیا، بریقەی زیوینی لە بریقەی گوڵاوی ناو شووشەی بەر هەتاوی ئەکرد، مانگی ناو پەڵەهەوری ئاسمان ئەوەی تێدا نەبوو. وتم: ئەو کوڵەت ئەگەر بۆ دۆستتە، لە جێگای ئەو نیشان بگرە لەم دۆستە کە دەستی لەبەر دەستتە! بەهاری جوانیی لە خەزانی پیری داوا مەکە، تەمەن کە ڕابوارد، کەمەندی خەیاڵ ناهێنێتەوە؛ پڕمەی گریان بکە بە دەنگی شادی، ئاوازی زاری بکە بە نەوای گۆرانی، لە باخێکی ترا ببە بە گوڵی بولبولێکی تر.

کە ئەمانەم وت؛ سەیرێکی کردم و بەهەنیسکی گریانەوە وتی: بەڵام وەکوو شەکر لە لێواری یاقووت و سەدەف ببارێ؛

من و ئەم گوڵەی، کەوتۆتە ناو خاک
بۆ من دڵێک بوو، نەیبوو لە کەس باک
منیش گوڵێک بووم لە دنیای ئەودا
هەروا بە هەوار، لە ڕۆژ و شەودا
ئەگەڕا سەرسام بە دەشت و دەردا
بۆی دانام ڕۆحی، لە گۆڕی تەنگدا
من و ئەو، گوڵ و بولبول بووین لە باخ
جارێ ئەو گوڵ بوو، بەوێنەی چراخ
جارێ بولبول بوو لە دەورانی من
ئەیخوێند بە باڵای نەونەمامی من
من جارێ مۆم بووم، ئەو پەروانە بوو
جارێ ئەو مۆم، من پەروانە بووم
ئێستا خاک کەوتە بەینی من و ئەو
دنیای ڕووناکی، لێ کردم بە شەو
حەیفە ئەو باڵای کە دیومە لەلام
جێگای بگرێتەوە، بێگانەیەکی خام
بەخوڕەی فرمێسک، ئەم خاکە ئەدڕم
ئەچمە لایەوە، گشت ئاوات ئەبڕم
سەر بەرزەوە ناکەم تا ئەچمە پاڵی
گوڵەچن ئەکەم لە خەت و خاڵی!

وتی: بێدەنگ بوو، کە چوومە سەر وەختییەوە، گیانی سپاردبوو، چووم چەند ژن و پیاوێکم هێنا؛ ژنەکان شوتیان و پیاوەکان لەتەنیشت گۆڕەکەی ترەوە، گۆڕێکیشیان بۆ ئەو هەڵکەند، ئەسپەردەی خاکمان کرد؛ لەوێدا بەبێ جیابوونەوە بە ئەبەدی، دەستیان کردە ملی یەک.