ئەم پارچە هونراوەی خوارەوە هی هونەرێکی کورد

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  959 بینین

ئەم پارچە هونراوەی خوارەوە هی هونەرێکی کورد «مەلا غەفوورئەم مەلا غەفوورە، حافز و بێچاویشە.»ی سڵاخییە، نیوەی یەکەمی تووڕەبوون ئەدا، لەنیوەی دووەمیا ئەیهێنێتەوە و ئاشتی ئەکاتەوە، من لەژێر ناوی «خەشم و ڤیان» وە یا «خوسپ و وەسپ» دا ئەیکەم بە پارچەیەکی ئەدەبی لە سامانیی زمانی کوردی:

تا بێژم تێت، ئەبڕم خاوەنی جوانی و دەسەڵات
چاوی ئاوات و هیوا، ئەی گوڵی سەرتۆپی وڵات
دادەمرکێ کوڵی دڵ، تاوێکی لێ خەم چ دەبێ؟
بە سەری نووکی زمانم لە بنی پەنجەی پات!
ڕۆژی هەڵکەوتە، دەسا بێدڵەکەم تێت ڕاکەم
بە ترەمبێلی فیداکاری بەرەو کۆڕی خەبات!
یاری شیرین دە وەرە، تا زووە لێت نەچووە،
تەمەنی جوانی، بژین پێکەوە، تا کەی بەتەمات؟
گیانەکەم خۆ تۆ هەزار جاری ترت داوە بە من،
قەولی بێ کردەوە، هەر وشکەترینم بەهیوات!
کەنگی بۆم دادەکەنی؟ خۆمت بەسەردا کێشم،
کەوشەکەت ماچ کەم و سەر دانێمەوە بەر پێت کز و مات؟!
لێت نەچێ ڕەنگە لەبەر تەنگی، دەبا بۆت تەڕ کەم
دەستە نەرم و شلەکەت، بازنە ئازاری ئەدات!
توندوتێژی بەسە، بۆم تێکە هەتا لێی ڕادەم،
بە سمێڵ گەسگی دەم ئەم تۆزە لەسەر شانی کەوات!
تۆ لەسەر ئەم ڕقە بیت، تێک دەچەقێین لە پڕا،
من پێت دڕکی مژۆڵ و تۆ لە دڵ تیری نیگات!
هەر نەبێ تاقە یەکێکم دەیێ با خۆم نەکوژم،
لەو هەموو دەسڕە کە پێی دەسڕی لێوی نەبات؛
بێڵە خاوی کەمەوە، بۆچ ڕەقە وا کەللەسەرت؟!
باری لێوم بە تکە ئارەقەکەی سەرگۆنات،
پاش و پێش هەر یەکە بۆ من کە مەبەستم چوونە،
زەردەلیمۆت بخەمە دەستمەوە یا پرچی سیات؟!
هەر لەلای تۆیە ئەوەی من دەمەوێ تێی کێشم،
خوڵی بەرپێتە، لە چاوم کەوێ، ڕووناکی ئەکات!
حەز دەکەی جارێ بژیم، بۆم وەرە پێش تا تێی نێم!
دەم لەنێوی مەم و سینە، وەخۆم ئاوی حەیات!
نەیەڵم بێشێ، وەرە پێشێ، دە با بۆت تێ خەم!
ئەم دوو ئەنگوستیلەی ئاڵتوونە لە قامکت بەخەڵات،
دە وەرە گیان، وە قەوەت تاوێ ئەمەم بگرە بە دەست!
نەزمی دەستم بە سەری پەنجە، نەخۆشم، کەلەلات،
من کە خۆم ناوەتە پێناوت، ئەتۆش بۆم فش کە!
قۆڵی ڕاستت بخەمە باسکم و دەرچین لە وڵات،
با بکەم تۆبە لەسەر دەست و ئیتر دایهێڵم،
ڕیشی بۆزم ببمە سالکی بەر کۆشک و سەرات،
هەر وتم کوانێ؟ بڵی دڵم مەشکێنە.
حافزم موستەحەق، چاو لە دەستی تۆم هەموو کات،
جوانیی تۆی دا لە مەحەک ناحەزێ، من بۆم دەرکەوت،
ئەوی جوانان هەموو لایانە بەتەنیا هەیە لات!
لێت ئەبەم جارێ، بەبێ دەنگی نەچی بیکەیە قاو،
ناوی هاوکاری، لەگەڵ شۆڕسەکەی دیموکرات!