جامبازەکانی سولەیمانی کە کەرەگەڕێک ئەبرایە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  382 بینین

جامبازەکانی سولەیمانی کە کەرەگەڕێک ئەبرایە مەزاتخانەکە بۆ فرۆشتن، بەم جۆرە باسیان ئەکرد، لەپاش ئەوەی کە دەستێکیان ئەماڵی بەسەر پشتیا ئەیانوت: یار ڕۆخی بازاڕ، تەزبێحی بازاڕ! ئەمە کەر نییە، ماینی مەحنەکە، چوارناڵە ئەکا، لەگەڵ بادا سەما ئەکا. کەری میسری لەبەری هەڵدێ، خۆی ناگڕێتەوە تا قۆریەشکاو! بەوری بەیان حەدی چییە، لەڕووی ئەما ناوی نییە، بارهەڵگرە بەقەد کێوێک، وردەڕەوتی هەر وەک دێوێک، ئالیکی ئەو توێکڵەشووتی، بەقنیاتە وەکوو لۆتی! کەفەڵ پانە، سمت خڕە، لوولاق بەرزە، ملەستوورە، پشتی نانەوێ، تۆ چیت بوێ، ئەو وای ئەوێ! کوڕە! ئەم کەرە، کەر نییە، لەدەستی خۆتی مەدە، گوێدرێژە، کلکدرێژە، لمۆزبەرزە، ناوچاو پانە، چوار کلیەی هەیە، دوو لەسەرەوە، دوو لەخوارەوە، وەرە سەیری کە، بۆنی دەمی کە، سمڵ و سێپەڕە وا لەناو دەمیا، تاکوو نەیبینی نازانی چییە. بە سی و دوو تارانی، مەزات بە سی و سێ تارانی، لەسەر تۆیە بە سی و چوار تارانی، دە بڕۆ خێری لێ ببینی.

کابرا: بەخودای مامۆستا بە گۆڕی بابم، ئەمە بە دەرس نەخوێنرێ، لەبەر ناکرێ!

مامۆستا: بە خودای برام، بە گۆڕی کاکم، بە دەرسیش بخوێنرێ هەر لەبەر ناکرێ!