ئاڵتون ئەفەندی هەبوو لە سولەیمانی لە گاو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  655 بینین

ئاڵتون ئەفەندی هەبوو لە سولەیمانی لە گاورەکانی سولەیمانی بوو. گەڕەکی گاوران و مزگەوتی بابە عەلی دراوسێ بوون، مزگەوتەکە دوو دەرگای هەبوو. ئاڵتون ئەفەندی بە خۆی و بە سەدارەکەی سەری و لەو کەوا و چاکەتەکەی بەریەوە هەموو ڕۆژ دەستی ئەخستە پشتی و لەو دەرگاکەوە بە ناو حەوشەی مزگەوتەکەدا تێی ئەپەڕێ، لەم دەرگاکەوە دەرئەچوو و ئەچوو بۆ بازاڕ. بە هۆی ئەم زۆر هاتوچۆکردنە و بە هۆی دراوسێتیشەوە لە گەڵ شێخ بابە عەلیدا سەروسەودایەکی باشیان پەیدا کردبوو.

لەو خوارەوەش خواجە «شەلەمۆ» هەبوو لە گەڕەکی جوولەکان، ئەویش هۆی ئەوەوە کە مەعامەلەی لەگەڵ تەکیەدا ئەکرد، هەر جارە کڵاو و جامەدانەکەی ئەکردە سەری و ڕیشە تۆپە ماش و برنجەکەی دەق ئەدا، کەواو سەڵتەی لە بەر ئەکرد و عەباکەی ئەدا بە شانیا و لە پێشەوە ئەیگرت و ئەهات بۆ لای شێخ بابە عەلی. ئیتر بابە عەلی بوو، گەلی جۆر نموونەی لە لای کۆ ئەبووەوە. ئاڵتون ئەفەندی و خواجە شەلەمۆ لە بازاڕا یەکتریان ئەناسی، زۆرجاریش لای بابە عەلی یەکیان ئەگرتەوە، ئەوەندەی تر ناسراویان کۆکتر ئەبووەووە. لەگەڵ بابە عەلیدا بە بێ پەردە بازاڕی هەموو جۆرە قسەیەکیان گەرم ئەکرد. من ناوێرم بڵێم ئەوا مووسڵمانێک و جوولەکەیەک و گاورێک کۆ بوونەتەوە! مەگەر هەر شێخ بابە عەلی خۆی بیوتایە. کە لێیان ئەپرسی وای جواب ئەدایەوە.

ڕۆژێک شێخ بابە عەلی ئەوا لەگەڵ شەلەمۆ و ئاڵتوون ئەفەندیدا پێکەوە دانیشتبوون. بە ئاڵتون ئەفەندی ئەڵێ: ئاڵتون ئەفەندی حەزرەتی عیسا گەورەتر بوو یا حەزرەتی مووسا؟ ئاڵتوون ئەفەندیش ئەڵێ: قوربان! پرسیاری وا چۆن ئەکەی؟ دیارە حەزرەتی عیسا گەورەتر بوو. ئەڵێ: چۆن؟ ئەڵێ: «حەزرەتی عیسا مردووی زیندوو ئەکردەوە، حەزرەتی موسا زیندووی ئەمراند، حەزرەتی عیسا هەر لە بێشکەدا قسەی ئەکرد، کە چی حەزرەتی موسا لە پاش هەشت ساڵ هاتە قسە کردن؛ ئەویش ئەوەندە پاڕایەوە لە خوا وتی: خوایە تۆزێ زمانم بەرەڵا کە بۆ ئەوە خەڵک لە قسەم تێبگەن. بەو ناڵی عەلییە تاخوا تۆزێ زمانی دایە. چۆن حەزرەتی عیسا گەورەتر نییە؟»

خواجە شەلەمۆ دەمی بوو بە تەڵەی تەقیو. ئەمجا ڕووی کردە ئاڵتون ئەفەندی وتی: هەی زۆڵ! تۆ ئەوەندە زیرەکی بۆ چی موسڵمان نابی؟

ئاڵتوون ئەفەندی وتی: «ئەگەر خوا بیەوێ موسڵمان ئەبم». خواجە شەلەمۆ وتی: «وەڵڵا خوا ئەیەوێ، بەڵام شەیتان نایەڵێ». ئاڵتون ئەفەندی وتی: «کە واتە خواجە شەلەمۆی گوێرەکە، من شوێن ئەوەیان ئەکەوم کە بەهێزترە».