شێخ فەتاح گێڕایەوە وتی لە ناو جافەتیە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  670 بینین

شێخ فەتاح گێڕایەوە وتی:

لە ناو جافەتیە پیاوێک هەبوو «لالە حەمە»ی ناو بوو، هاتوچۆی گۆڕانەکانی ئەکرد، ڕۆژێ کابرایەکی خێڵەکی خۆیان ژنەکەی ئەمرێ، دێنە لای لالە حەمە ئەڵی: «برا! تۆ لە قنگی شێخ و مەلادا گەورە بووگی بێ بزانە چۆن ئەوێ و چۆنی بشارینەوە؟».

ئەویش ئەچێ ئەڵێ: «برا! قازانێ ئاو بێرن قوومە ئاوێکی تێکەن و گەرمی کەن». ئەمجا ئەڵێ: «چیغێک بێرن تەرمەکە بیخەنە سەر چیغەکە، میمکە:«فەوج» یش بێت لە سەری بوێسێ، قازانە ئاوەکە بکەن وە ملیا پشیلە شۆری کا».

پاشان ئەڵێ: «ئا لەو گۆشەو قمە چاڵێکی بۆ بکەن، لوولی دەن وە تۆپە جاوگێکەوە بیخەنە چاڵەکەوە». ئەوانیش وای لێ ئەکەن. بەڵام چاڵەکە قووڵ نابێ هێشتا گەلێکی بەدەرەوە ئەبێ ئەڵێن: «لالە حەمە کوچکت لێ نەوارێ خۆ هێشتا چاڵێکی تریشی گەرەکە». ئەڵێ: «کورە نەیگەرەکە بی قەمچێننەوە».

ئەمجا کابرای مێردە ئەڵێ: برا دەی تەڵقینەکەشی بخوێنە. ئەویش ئەڵێ: «برا بۆ من نەهاتگە، من فێرت ئەکەم خۆت بیخوێنە». ئەڵێ: برا، خاسە. ئەڵێ: «ئا ئەم پەنجەتە ڕاست کەرەوە سێ فیکە بکە وە دەور قەورەکەیا و بێژە فرەم کردگە وە کونێتەوە.»

بەم جۆرە ئەینێژن و کابرا هەنگی گریان بەری نادا، کە سەیر ئەکا خەڵکەکە هیچ ناگرین ئەویش ئەڵێ: «ئەرێ دەوێت باوکینە! ئەوە بۆ چی ناگرین؟ خۆ هەر ژنی من نەو ژنی گشتمانوو».