لە سەردەمی عوسمانییەکانا ئیمتحانی تەدریس...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1114 بینین

لە سەردەمی عوسمانییەکانا ئیمتحانی تەدریس بۆ مەلایەتی لە موسڵ ئەکرا، شێخ بابا عەلی لۆ ئەم ئیمتحانی تەدریسە لە سولەیمانییەوە ئەچێ بۆ موسڵ. شێخ بابا ڕەسووڵی عەبابەیلەیی - کە فەقێی خۆی ئەبێ - لەگەڵ خۆیا ئەیبا. لەوێ کە ئەچنە ژووری ئیمتحانەوە چەند کەسێک لە مەلا گەورەکانی موسڵ لەوێدا دانیشتوون و ئیمتیحانی ئەکەن، یەکێ لەو پرسیارانە کە لێی ئەکەن و زۆر ئاسانیش ئەبێ بابا عەلی ئەوەیان نازانێ، بەپەلە و بە کوردی لە شێخ بابا ڕەسووڵی فەقێی خۆی ئەپرسێ، ئەویش خێرا هەر بە کوردی پێی ئەڵێتەوە ئەمجا بابا عەلی هەڵئەستێ و ئەڵێ: «یقول امام الافاق بالاتفاق، استاذ الکل فی کل علی الطلاق، غطریف المتاخرین و اکمل المتبحرین، نبذت جهابذت الکابلی الشیخ ڕسول العبابیلی فی کتابە هکذا حل مسئلە الشهیرعەرەبی».

کە مەلاکان گوێیان لەم عبارەتە ئەبێت و قەتیش نە شێخ بابا ڕەسووڵی عەبابیلە ونە کتێبی ئەویان بیستووە هەموو ئەکەونە سەر ئەوە کە ئەوان هیچ نازانن بۆیە تا ئێستا عالمێکی وایان گوێ لێ نەبووە.

بۆ خۆی بە جۆرە چاوبەستنە لە ئیمتیحانەکەیا سەرئەکەوێ و ئەگەڕێتەوە، لە ڕاستیشدا وەڵامەکەی ڕاست بووە.