کابرایەکی خەڵکی سولەیمانی بە چەرچییەتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  682 بینین

کابرایەکی خەڵکی سولەیمانی بە چەرچییەتی ساڵێک ئەچێ بۆ ئەو وڵاتی موکریانە، بارگیرێکی پێ ئەبێ و لە ڕێگەدا ڕووتی ئەکەنەوە و بارگیرەکەی لێ ئەستێنن، هەڵئەستێ ئەچێ بۆ لای حاجی ئێلخانی دێبووکری شکات بکات، ئەبێت کە وا هەموو ڕەئیس عەشیرەتەکانی ئاوایی دێبووکری و «فەیزوڵا بەگی» لە ئاوایی «مەرخۆس» کۆبوونەتەوە، ئەڵێ چاک وایە بچمە ئەوێ و لەوێ لە بەر چاوی ئاغاکانەوە بە حاجی ئیلخانی بڵێم بەڵکو لە بەر ئەوان ئەو زوو بۆم بستێنێتەوە. کە ئەڕوا تەماشا ئەکا وا حاجی پاشاخانی فەیزوڵابەگی بە هەموو بەگزادەی فەیزوڵابەگیەوە و حاجی ئێلخانی بە هەموو بەگزادەی دێبووکریەوە، هەموو لەوێ کۆ بوونەتەوە، ئەچێتە دیوەخانەوە و بە حاجی ئێلخانی ئەڵێ: ئاغا پیاوێکی هەژار و کاسبم، بارگیرێکم هەبوو لێیان سەندووم، ئێستا هاتوومەتە خزمەتی جەنابت بۆ بسێنێتەوە. ئەویش ئەڵێ: کابرا وا دیارە تۆ خەڵکی سولەیمانیت؟ ئەڵێ: بەڵێ قوربان.

حاجی ئێلخانیش وەکوو پیاوێکی گەورە بوو، پیاوێکی قسە خۆش ئەدیبیش بوو، ڕووئەکاتە کابرا ئەڵێ: ئەی دەستی ئەو کەسە خۆش بێ کە بارگیرێکەی لێ سەندووی ئەوە هەقی منی لێ کردویتەوە. کابرا ناوکی ئەکەوێ ئەڵێ بۆ چی قوربان؟ ئەڵێ: ئەو ساڵە لە شەڕەکەی عەرزدا ئێمە پەرتەوازە ببووین، ڕێمان کەوتبووە سولەیمانی، ئەوا ڕۆژێک سەیر ئەکەم هەتیوێکی سیسەڵە تانجیە گەڕێکی پەت کردووە بە ناو بازارا ئەڕوا و دڕن بە خەڵکەکە ئەدا و ئەڵێ: لاچن، لاچن، بارگەکەی حاجی ئێلخانی هاتۆتە لام. وایە ئەو هەتیوەش تۆ بوویت. کابرا ئەڵێ: قوربان بە سەری تۆ من نەبووم. ئەڵێ ئەگەر تویش نەبووبیت خۆ خەڵکی سولەیمانی بوو. ئەڵێ: ئێستا ئەمەی پێ ناوێ من ئێسترێکت ئەدەمێ، بەڵام جنێوێکی سولەیمانیانە بدە بە حاجی پاشا. ئەوا حاجی پاشاخانیش دانیشتووە، حاجی پاشاخانیش ئەڵێ: نەوەڵا کابرا من دوو ئێسترت ئەدەمێ ئەو جنێوە سولەیمانیانە بدە بە حاجی ئێلخانی. ئەوان لە بەینی خۆیانا ئەکەونە قسە، ئەم ئەڵی جنێو بەو بدە ئەویش ئەڵی: نە، جنێو بەو بدە، کابراش ئەڵێ: جا قوربان ئەوەی پێ ناوێ، بێ ئەدەبیە بۆ من قسە بکەم، بەڵام کێری هەردووکتان بە نۆبە بە ناوکم و ئاوی وەسڵەکەشتان لە سەر خۆم بە لولێنەی گۆشتێن ئەتاندەمێ. حاجی و ئەوان قاقا دەست ئەکەن بە پێکەنین و هەر سێ ئێسترەکەشی ئەدەنێ.