میرزا مەحموودی حەمە ساڵح گێڕایەوە وتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  670 بینین

میرزا مەحموودی حەمە ساڵح گێڕایەوە وتی: ئەوە تازە ئۆتۆمۆبیل داهاتووە لە سولەیمانییەوە ئەهاتم بۆ بەغدا، خێزانم و خوشکی خێزانەکەم لە گەڵایە، مەندیلێکی سپیشم بەستبوو بە سەرەوە، هاتین بۆ ئۆتۆمۆبیل گرتن، دوو ئافرەتی تر چاوەڕێیان ئەکرد لە گەراجەکە بۆ ئەوەی ئەوانیش بێن بۆ بەغدا، ئێمە سێ ئەوان دوو ئەمە پێنج، ئۆتۆمۆبیلێکمان گرت و بەرەو بەغدا بەڕێ کەوتین، ئۆتۆمۆبیلەکە کە چاکی لێ ئەخوڕی. هاتین هەتا گەییشتینە نزیک دێڵتاوا، لە ڕێگەدا ئۆتۆمۆبیلەکە مەڕێکی کرد بە ژێرەوە، ئۆتۆمۆبیلێکی دەورەی پۆلیس بە شوێنمانەوە بوو، ئەو هات پێشکەوت و چوو لە نۆختەکە خەبەری دا کە ئۆتۆمۆبیلێک ئێستا دێت ناونیشانی ئەوەیە پیاوێکی مێزەر بەسەری تێدایە مەڕێکی کردووە بە ژێرەوە بیگرن. وتی: کە چووین ئۆتۆمۆبیلیان گرت و بە ئۆتۆمۆبێلچییەکەیان وت بۆ مەڕێکت کردووە بە ژێرەوە ئەبێ بیبژێری، ئەویش وتی: من نیم، وتیان قۆمیسەرە خەبەری لێ داویت - ئۆتۆمۆبیلچییەکە سەری زمانی ئەگرت - وتی: ئەو قۆمیسەرە من ئەیناسم حیزە! وتیان ئەمەی پێ ناوێ ناو و نیشانەکەی ڕاستە وتویە مێزەر بە سەرێک لە ئۆتۆمۆبیلەکەدایە. هیچ ئۆتۆمۆبێلی تر نەهاتووە مێزەر بەسەری تێدابێ جگە لە تۆ نەبێ. وتی: وەڵڵا بەمە بۆڕیان دا مەڕەکەیان پێ بژارد. ڕزگار بووین و ڕۆیشتین، لەو کاتەدا وتی: هۆ مێزەر بەسەر! ئەمە مێزەرەکەی تۆیە چووە قوزی دایکمەوە. میرزا مەحموود وتی: کە دەرچووین لەوێ دنیا گەرم بوو، جارجار مەندیلەکەم دائەگرت. وتی: جارێکیان کابرای ئۆتۆمۆبێلچی ڕووی تێ کردم و پێی وتم: بۆ چی دایئەنێ تازە دایکت گاوم ئیتر چیتێدا ماوە!