ساڵێک لە سولەیمانی بێ بارانیەکی خراپ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  1010 بینین

ساڵێک لە سولەیمانی بێ بارانیەکی خراپ دەستی پێ کرد. خەڵکەکە کەوتنە نوێژە بارانە و چوونە دەرەوە بۆ قەراخ شار، ئەحەی جاویشیان لە گەڵ خۆیان بردبوو، بۆ نوێژە بارانە منداڵ و پیر و حەیواناتیش ئەبەن. منداڵەکان لە پێشەوە بوون. ئەحەی جاو ئەپرسێ لە شێخ بابە عەلی کە ئەم منداڵانەی بۆ چییە؟ شێخ بابە عەلیش ئەڵێ: ئەمانە منداڵ و بی گوناحن دوعایان قبووڵە بەڵکو بە دوعای ئەمانە خوا باران ببارێنێ، ئەحەی جاویش ئەڵێ: یا شێخ بچۆ بەو لاوە، ئەگەر بە دوعای ئەمانە بووایە تا ئێستا موعەلم و مامۆستایەک نەئەما لە سەر ئەرزا، بڕۆ با خۆمان (بێ عەقڵەکان) بچین باشترە!