حاجی ئاوڕەحمانی کۆیی هەبوو جارێک ئەچێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  434 بینین

حاجی ئەوڕەحمانی کۆیی هەبوو، جارێک ئەچێ بۆ ئەو خۆشناوەتییە و ماوەیەک ئەمێنێتەوە. خۆت ئەزانی ناشوکری نەبێ خواردنی هەر خۆش لە خۆشناوەتی هەر گەنمەکوتاوە. ئەویش لەو ماوەدا لە گەنمەکوتاو بەو لاوە هیچی تری دەست ناکەوێ. هەر زۆر زۆر هەڵهای برنج ئەکا. ڕۆژێک سەر لە بەیان کتوپڕ گوێی لە دەنگە دەنگێ ئەبێ، خۆی بۆ خۆش ئەکا کە ئەمە برنج ئەکوتن، ئەو ڕۆژە بە یادی برنجەوە نیوەڕۆ نیوەڕۆژە ناکا، ئەڵێ با ئێوارە زۆر بخۆم. ئێوارە پاش نوێژی شێوان ئاو دێنن و دەست ئەشوا، ئەویش سمێڵی خۆی لێ داوەتە لاوە کە ئێستە پڵاو ئەخوا، کە نان دائەنرێ سەیر ئەکا هەر گەنمەکوتاوە. بە جارێ ئەچێتە تاسەوە و نایخوا، سکیشی لە برسانا هەر قۆڕەی دێ. کابرای خانەخۆی پێی ئەڵێ عاجی ما ناخۆی؟ ئەڵێ ناخۆم. ئەڵێ ئاخر کە دەستت شوشت ما ناخۆی؟ ئەڵێ کوڕە کە دەستم ششت، دەستم لێی ششت.