زەمانی زوو لە تەورێزەوە حاکم ئەنێررا بۆ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  511 بینین

زەمانی زوو، لە تەورێزەوە حاکم ئەنێررا بۆ سابڵاخ، جارێک حاکمێک نێررابوو لە تایفەی فەرمانفەرما بوو، زۆر دەمێک بوو لە سابڵاخ مابوەوە، کابرایێکیش هەبوو لە سابڵاخ «بلە باسکە» یان پێ ئەوت. ڕۆژێک بە حاکمەک ئەڵێن بلە باسکە کتومت لە جەنابت ئەچێ. ئەویش ئەنێرێ بە شوێن بلە باسکەدا و ئەیهێنن. پێی ئەڵێ: ئەرێ بلە باسکە تۆ دایکت ئاوکێشی و هاتوچۆی ماڵەگەورانی کردووە؟ ئەویش ئەڵێ: قوربان دایکم ئافرەتێکی زۆر بە شەرمی و لە خوا ترس بوو، قەت لە ماڵ دەرنەئەچوو، بەڵام باوکم ئاوکێشیی ئەکرد بۆ ماڵەگەوران و بە هۆی ئاو هێنانەوە ئەچووە حەڕەمسەرای هەموو پیاوە گەورەیەک.