کارەساتی ڕۆژەکان زۆر سەیرە پەردە ئەداتە...
کارەساتی ڕۆژەکان زۆر سەیرە، پەردە ئەداتە لاوە، وەکوو پەردەی ئەلبووم کە لە هەر لاپەڕەیەکیا چەند وێنەیەک هەیە، وەکوو دێوجامە، گەلێ ڕەنگی تێدا هەیە.
جەنگی ١٩١٤-١٩١٨ دوایی هات، تەنها ١٧ ملیۆن کەسی تیا کوژرا و ٢٦ ملیۆنیش بریندار و پەککەوتوو بوون. لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا کە دوایی هات گرانی و تاعوون و ڕشانەوە و بەدبەختی و دەربەدەری بوون بە بەشی کوردەواری. بەڵێ دەستدار بێ دەستی ئەخوارد، هەر کە بۆ خۆی باوی سەند. هەندێ لە عەشایر بوون بە ئاگر و کەوتنە گیانی خەڵکی تر.
عەلی محەمەد خانی شەریفولدەولە لە لایەن حوکومەتی ئێرانەوە لە ناوەندی ١٩١٨ کرا بە حاکمی وڵاتی «سنە». لە ڕاستیدا وڵاتی سنە -کە وڵاتی ئەردەڵان بوو- وڵاتێکی بەتەواوی ئاڵۆزاو بوو. هەموو ئەم ئاڵۆزاویەش ئەوە بوو کە جەنگی یەکەم هەر چەندە بە ناو بەسەر چووبوو، بەڵام بەدبەختی و پاشەلەقەی شەڕ تازە دەستی پێ ئەکرد. لەو ماوەیەدا و لە پێش ئەو ماوەیەشدا هەموو ئەو وڵاتە وەکوو وڵاتانی تر ببوو بە پاشگەردانێ، کەس خەتی کەسی نەئەخوێندوە، دەورەی عەشایری بەهێز زۆر لە باوا بوو، لە ناو شارەکەدا دوو بەرە بە ناوی «سوسیال» و «دیموکراس»ەوە پەیدابووبوو. لە دەرەوە عەشرەتەکانی « گەڵباغی» و «مەنمی» خەریکی سەربزێوی و چەپاوکردن بوون. فڕکان فڕکان بوو، کێ ئازا بوو نانێکی بۆ خۆی بفڕاندایە. پێش ئەوەش ڕووسی قەیسەری شکا و لەشکری شکاوی داخ لە دڵ کە بگەڕێتەوە ئەبێ چی بکا و چی کردبێ؟
ئەم دوو عەشرەتی گەڵباخی و مەنمییە بە ڕاستی زیانیان ئەگەیاند بە مەردم، بەڵام هەموو زیان گەیاندن ڕەوای حەق نەبوو هەر بدرێتە لای ئەوان. کە شەریفولدەولە هات هەندێ کەس لەو ڕۆژەدا خۆیان دایە پاڵی و دەستیان کرد بە خۆ بردنە پێشەوە لە لای ئەو. لە ناوبردنی گەڵباغی و مەنمی بوو بە دەستەگوڵێک و درا بە دەست ئەو شەریفلدەولەیەوە کە بە تاقە زەلامێ هاتە ناو شاری سنەوە و لە ڕۆژێکا کە حکومەتی قاجاریش زۆر بە عەزیەت هەناسەی ئەدا. کە وابوو ئەمە وەکوو پەندە کوردییەکە ئەڵێ :«کردەی کەر و خوردەی یابوو بوو» وە یا بە قسەیەکی تر ئەڵێ: «کێ کردی و کێ خواردی؟»
من لەم درێژە پێدانەدا مەبەستم یەک شتە، مەبەستم دەرخستنی «ئەستێرەژمێری»ی یەکێ لەو گەڵباغییانەیە، کە «ئاغە براخان» ە. ئەم ئاغا براخانە پێیان ئەوت «قیبلەی عالەم». وە یەکێک بوو لە سەرۆکە گەورەکانی گەڵباغی، پیاوێکی ڕیش سپی قەڵەوی تا ئەندازەیەک کەڵەگەت بوو. لە ناو هەموو گەڵباغی و مەنمیدا لەم ڕوەوە ڕاست بوو قیبلەی هەموو لایەکیان بوو، هەر حسابێک ئەو لێکی بدایەتەوە وا دەرئەچوو بەو بۆنەیەوە گەلێ پرس و ڕایان لە دەست ئەوا بوو.
کە شەریفودەولە چووە وڵاتی سنە، ئەم قیبلەی عاڵەمە وتی: «ئیتر ئەستێرەی ئێمە لە لیژی دایە» پێش ئەوە، کە «عەزیزی» و «تەکش» بگیرێن، قیبلەی عاڵەم خەبەری دا کە دەوروبەری کێوی «زێراوا» زۆر بە تاریک ئەبینم، ئەستێرەی عەزیز و تەکشم بەرچاو ناکەوێ. لە ڕاستیدا عەزیز و تەکش کە دوو برا بوون و ناوبانگی ئازایەتییان دەرکردبوو لەو شەڕەدا گیران و تیرباران کران.
پێش لە ناوبردنی عەزیز و تەکش خەبەریان دایە کە عێلجاڕی عەشایەری ڕەوانسەر و لهۆن بە پشتیوانی حوکومەتی عەجەم لەوانەیە گەڵباغی و مەنمی لە ناوبەرن، هەرچەندە ئەم لەشکرە لەشکرێکی زۆر بوو، هەر چەندە جەنگێکی گەورە لە کێوی «تەورێز خاتوون» و «عەباس بەگ» دا بوو، بەڵام قیبلەی عاڵەم پێی وتن لەم جەنگەدا تا گەڵباغی و مەنمیتان هەس، خەمتان نەبێ سەرئەکەون. لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەو هەموو عێلجارەش کە لێیان کرا، وەکوو ئەو وتی هەر سەرکەوتن.
ڕۆژگار هەر کەتنی بە گەڵباغی و مەنمی ئەدا. قیبلەی عاڵەمیش یەکە یەکە ئەمانەی باس ئەکرد. ساڵی ١٩١٩ هات، وتی: «ئەم ساڵە زۆر شوومە، ساڵی ١٣٣٨ی هیجری ساڵی قڕانی گەڵباغی و مەنمییە». کە دام و دەزگای شەریفودەولە بە هۆی کوڕەکانی دەوروبەرییەوە پەرەی سەند، قیبلەی عالەم چوو بۆ «سەقز» بۆ لای «غیاسودەولە». ئەو چوونە ئاخر نەگبەتییەک بوو کە ڕووی تێ کرد، واتە قیبلەی عالەم لەوێ گیری خوارد. لە ئەنجاما ئەو و ئەوانەی کە گیریان خوارد و کەوتنە ناو داوەوە، بە بەندی هێنران بۆ سنە. لە یەکەم شەوی مانگی ڕەجەبی ساڵی ١٣٣٨ی هجری لە بەندیخانەی سنە بوو، هەژدە کەسی تر لە هاوڕێکانی لەگەڵی بوون، دەوریان لێدا و وتیان: «قیولە چۆن ئەوینی؟» وتی: «کوڕگەل ئەگەر سۆزی نەکوژرگێین، هەسارەی ئێمە تا هەزار ساڵی تر ها وە ئاسمانەوە». بەڵام کە کەوتنە سبەینێ هەموو بە تیرباران کردن و بە چاڵ نان و بە خنکاندن کوژران و لەشەکانیان لەبەر دەرماڵا خرانە ناو دیوار و هەریەکە بەردێکیان خستنە سەر و ناو و نیشان و کردەوەیان لەسەر بەردەکە هەڵکەند، کوژرانی ئەمانە دوو حەفتەی خایان، بەڵام قیبلەی عالەم لە یەکەم ڕۆژدا تیرباران کرا. ئەوانەش کە لەو چەند ڕۆژەدا کوژران بۆ ئاگاداری مێژوو ئەمانە بوون:
لە گەڵباغی:
١. ئاغا براخان قیبلەی عالەم
٢. سەرداری کوڕی قەیتول
٣. فارس خانی ڕەئیس
٤. محەمەد خانی ڕەئیس.
٥. میرزا عەوڵای سەیفولعەشایر.
لە مەنمی:
١. فەوج خان
٢. عەوڵا خان.
٣. مەحموو بەگ
٤. عەوڵا بەگی کوڕی شامحەمەد بەگ.
٥. سەید حەمەد خانی سەرهەنگ.
٦. مەلک محەمەد خان
٧. نوور محەمەد خانی ئێلخانی.
٨. مستەفا بەگی کوڕی حەمەد بەگ.
لە شێخ سمایلی:
١. عەزیز خانی برای مەحموو خانی سەردار ئقباڵ
٢. مستەفا خانی برای حەمەد خانی مراد خانی ئێلخانی.
٣. مەجید خانی کوڕی سارم لەشکر.
٤. مەحموود خانی سەردار ئقباڵ کوڕی حەمەمراد خان.
ئەمانە بەم جۆرە لە ناوبران، لەو ڕۆژەدا زۆر کەس لە کوردەکان بۆ بردنە پێشەوەی خۆیان هاوکاریان لەگەڵ شەریفودەولەدا ئەکرد. ئەو شەریفودەولەیە کە بە تاقە زەلامێ لە لایەن حوکومەتی قاجارییەوە هاتە سنە، ئەو حوکومەتی قاجارییە کە تەنها دەنگی هەبوو ڕەنگی نەبوو.
من لاینگری ئەو کەسانە ناکەم کە پیاوخراپ و خراپەکارن. سەرۆکەکانی گەڵباغی و مەنمی ماڵی گەلێ کەسیان وێران کرد. گەلێ تاڵانیان کرد، گەلێ ژنیان بێوەژن کرد و مناڵیان هەتیو خست، بەڵام ئەمانە هەمووی لە ڕووی نەزانی و بێ خاوەنییەوە بوو، ئەگەر خاوەن و ڕێ پیشاندەرێکی ببوایە وا بەو جۆرە دەرنەئەچوون. جارێکی کە دایکێکی تر کوڕێکی وەکوو عەزیز و تەکش ناهێنێتەوە. ئەگەر کوردەکە خۆی خۆخۆریی نەکردایە ئەو کوڕانە بە پیاوێکی وەکوو شەریفودەولە لەناو نەئەچوون. سەیرەکە ئەوەیە کورد خۆی گەڵباغی و مەنمی لە ناوبرد، کەچی ئازایەتی و پیاوەتیەکە درایە پاڵ شەریفودەولە. کوردەکە ئافەرینێکی شەریفودەولەی کردە تاجە گوڵینەیەک و کردیە سەری، کەچی نە تاجە گوڵینەکەی بۆی مایەوە نە ئەو کوڕە ناودارانە لە مێژوودا. تا ئێستە هیچ کەس کوردی لە ناو نەبردووە تەنها کورد خۆی نەبێ، کە ئەمەی بە شانازی زانیوە.
وە یا ئەمە ئەگەر بەدبەختی و ماڵ وێرانی نەبێ بۆ کورد چ ڕەوای هەقە کە خەلیل خانی نەڕانی بە قسەی شەریفودەولە بۆ شاڵێکی تورمەی خەڵاتی، سێ برای بڕبڕە پشتی خۆی وەکوو سنجەرخان و ئەحمەد خان و یەدوڵڵا خان لە ڕۆژی هەینی دەی محەڕڕەمی ١٣٣٩ی هیجری لە ماڵی خۆیدا بکوژێ؟ کێ بکوژێ؟ سنجەر خان بکوژێ. کام سنجەر خان؟ ئەو سنجەر خانە کە وەکوو کێوێکی پۆڵایین لە ڕووی ڕووسی قەیسەری و حوکومەتی قاجاریدا وەستابوو. فۆلکلۆرەکانی ئەو ڕۆژە کە بۆ کوژرانی سنجەرخان لە «میاوەران» و نەڕان و «سنە» دا، ئەوترا لام وایە وەچەکانی ئێستە و وەچەکانی دوای ئێستەش هەر بەسەر زاریانەوەیە و بەسەر دەمیانەوە بێت. هیچی تر گوزارشت لەمە ناداتەوە تەنها ئەوە نەبێ کە ئەڵێ: «ئەگەر دار پوازی لە خۆی نەبێ ناقەڵشێ».