ساڵی ١٩٣٨ بوو لەگەڵ شێخ نووری بابەعەلی و...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  651 بینین

ساڵی ١٩٣٨ بوو لەگەڵ شێخ نووری بابەعەلی و یەکێکی تریش بوو چووین بۆ بەغدا، شێخ مەحموودی مەلیک لە بەغدا بوو لە گەڕەکی «سلێخ» دائەنیشت، چووین بۆ زیارەتی. دیوەخانەکەی چەند کەسێکی تری لێ بوو، ئەوان هەستان ئێمە ماینەوە. لە فەلەستینەوە هێشوویەکی دەنک درێژیان بە دیاری بۆ شێخ هێنابوو پێیان ئەوت «مۆز». شێخ سەر و دەنکی داینێ بیخۆین. بە دەستیەوە داماین نەمانزانی چۆنی بخۆین و چۆن ئەخورێ. شێخ هەستی پێکرد، خۆیشی دەنکێکی هێنا لەبەر چاومانەوە پاکی کرد و خواردی، وتی ئاوا ئەخورێ. ئێمەش دەستمان کرد بە پێکەنین، وتمان یا شێخ بەخوا سولەیمانی تا ئێستا شتی وای نەدیوە.

خوا و ڕاسان لەو کاتەدا فەرەجی ڕەشان بە بەرچنەیەکی گەورەی ڕێواسەوە کردی بە ژوورا، بەڵام ئێمە مۆزەکەمان خواردبوو، شێخ چاک و چۆنی لەگەڵا کرد و فەرمووی فەرەج ئەوە چیت هێناوە؟ وتی قوربان نەختێ ڕێواسە. شێخ وتی بیهێنن. لەو کاتەدا کە بەرچنەکەیان هێنا دوو سێ عەرەب و هەندێ ئەفەندی و هەندێ عەگاڵ بەسەر لە شێخەکانی عەرەب لە پاش سەلام دانیشتن. شێخ لە ڕێواسەکەی بەدەستەوە بوو هەر یەک سەر و ڕێواسی دا بە هەموومان، کابرا عەرەبەکان تۆزێ سەیریان کرد و هەر بەو جۆرە بە توێکڵەوە بەربوونە خواردنی، ئەمجا ئێمە پاکمان کرد و خواردمان. عەرەبەکان زۆر تەریق بوونەوە هەر ئەیانوت «شنو هڕا». بەڵام قسەی خۆمان بێ ئێمە ئاقڵتر بووین. دەنگە مۆزێکیشی دا بە فەرەج، فەرەجیش بە دەستیەوە داما، بەڵام ئێمە تازە فێر بووبووین پێمان وت.