ساڵی ١٩٣٢ بو بۆ یەکەم جار ڕادیۆ...
ساڵی ١٩٣٢ بوو. بۆ یەکەم جار ڕادیۆ هاتە شاری سولەیمانی. ئەو چاخانەیە کە پێیان ئەوت چاخانەی «حەمە ڕەق» و شوێنەکەی لەم لای ئەسحابەسپی و لەسەر بازاڕی کورتاندوورەکان بوو. جادەکەی مەڵکەندی لە سەرەوە ئەهات بە بەردەمیا و ئەچوو بۆ بازاڕ. لە دواییدا ماوەیەکیش ئەو چاخانەیە «مەجۆلی خامە»ی بەسەرەوە بوو.
جا خاوەنی ئەو چاخانەیە یەکەم کەس بوو کە ڕادیۆی هێنایە شاری سولەیمانی و لە چاخانەکەی خۆیا داینا. لەو سەردەمەدا ڕادیۆ وە یا بڵێین ئێستگەی ڕادیۆ، هەر بە ئێواران ئیشی ئەکرد. هەرا کەوتە سولەیمانییەوە کە شتێک هاتووە قسە ئەکا و لە ڕواڵەتا هیچ زەلامیش نییە. هەر لە پاش بانگی شێوانەوە پیاوانی سولەیمانی لە مەڵکەندی و سەرشەقام، کانیسکان و سابوونکەران و دەرگەزێن و گۆیژەوە بۆی ئەکشان بۆ ئەو چاخانەیە بۆ سەیرکردنی ئەم مۆجزەیە کە هاتووە، سا کێ پیاو بووایە زووتر بچووایە جێگای خۆی بگرتایە. نە کورسی چاخانە جێ ئەبووەوە، نە سەر ئەرزەکە جێ ئەبووەوە، ئێقی ئەدایەوە بۆ سەر جادەکە، دەرزیت هەڵخستایە نەئەکەوتە زەوی.
مۆجزە ئەکەوتە کار و بە زمانی عەرەبی قسەی ئەکرد. خۆ کەس لێی تێنەئەگەیشت، بەڵام دەنگێکی لێوە ئەهات، خەڵکەکە لەوە واقیان وڕمابوو کە ئەم دەنگە چییە لەو دارە ڕەق و تەقەوە. یەکێ ئەیوت زەلامە لە ناویا قسە ئەکا، یەکێ ئەیوت ئەمە سحر و جادووە، زۆریش لە سەر ئەوە بوون کە ئەو قسەیە «میل»ە سوورەکە ئەیکا. ئەوە ئێستا من ئەڵێم «میل»، ئەگینا ئەو وەختە بە میل ناو نەئەبرا بەڵکوو بە «ماسی» ناویان ئەبرد. ئاخر بڕیاری زۆرتری خەڵک هاتە سەر ئەوە کە ئەو دەنگە دەنگی ئەو ماسییە سوورەیە و ئەو ماسییەیە قسە ئەکا. ئەگەر لە ئێمەش ئەپرسی ئێمەمەنان لەسەر جادەکەش جێگامان نەئەبووەوە.