لەو وڵاتی هەولێرە شەخسێک هەیە هۆمەرمەند...
لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
1 خولەک
910 بینین
لەو وڵاتی هەولێرە شەخسێک هەیە «هۆمەرمەندان»ی پێئەڵێن نەخۆش و شتی ئەبەنە سەری و چاک ئەبێتەوە. کچێک پیرەدایکێکی هەبوو زۆر نەخۆش بوو، کچەش فرە حەزی لە مێرد ئەکرد، بە دایکەی وت: دایە با بتبەمە سەر هۆمەرمەندان بەڵکوو نەخۆشییەکەت چاک بێتەوە. دایکیشی وتی: ڕۆڵە نەخۆشی من پیرییە، پیری چاک بوونەوەی نییە. کچە وتی: دایە تۆ ئەڵێی چی؟ هۆمەرمەندان هەموو نەخۆشییەک چاک ئەکاتەوە.
بە هەر جۆرێ بوو دایکی هەڵخڕان و بردی بۆ سەر هۆمەرمەندان، بردی لەناو مەرقەدەکەدا پاڵی خست و خۆی بە دەور مەرقەدەکەدا دەستی کرد بە سووڕانەوە و ئەیوت: «یا هۆمەرمەندان! دایکە پیرێکی بێ کەسی بێ دەرەتانم هەیە، زاوایەکی چاکی وەجاخزادەی بۆ بنێرە با خزمەتی بکا»
دایکە گوێی لە پاڕانەوەکەی ئەم بوو، وتی هەی وا وا لێ کراو! تۆ خۆت مێردت ئەوێ و منت کردووە بە بەهانە، یاڵڵا هەڵمگرە با بچینەوە.