کابرایەکی ئەو بناری خۆشناوە ژنێکی هێنابو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  508 بینین

کابرایەکی ئەو بناری خۆشناوە ژنێکی هێنابوو خوا وای بۆ هێنابوو کە هەر چەندە خەریک بوو نەئەبوو بە زاوا؛ لەم ڕووەوە زۆر پەرۆش بوو. ڕۆژێک هەروا کز و داماو بە ڕێگەدا ئەڕۆیشت کەوتبووە ناو دەریایەکی داماوییەوە. پیاوێک هەبوو «مستۆ»ی ناو بوو، دۆستی کابرای بناری خۆشناو بوو، سەیری کرد وا کز و داماوە، لێی پرسی: بۆ چ وا عاجزی؟ وتی: برا لۆ عاجز نەبم؟ وا ژنێکم هێناوە هەر چەندە دەکەم لۆم نابێ بە ژن و نابم بە زاوا!

مستۆیش ئەڵێ: ئەی لە منت نەکەوێ لە کوێیە؟ ئەوە تۆ زۆو بۆ چ دەنگت نەکرد؟ جا برا بە کەڵکی وا نەیە ئیتر بۆ چی چاکە؟ ئادەی بڕۆ پیشانم دە ئەو واوا لێ هاتووە بزانم چۆن نایەڵێ وا تۆی تووشی ئەم دەردەسەرییە کردووە. ئادەی خێراکە با بڕۆین.

کابرا زۆر بەمە دڵی خۆش بوو، وتی: ئەی لە حەمری منت کەوێ ئەوەتە دە با بچین. پێش مستۆ کەوت و چوون بۆ ماڵەوە. مستۆیش هەر ئەڵێ: ئەوە واوا لێ کراوە لە کوێیە؟ کە چوونە ماڵەوە چوونە بەر ژوورەکە کە بووکی لێیە، کابرا وتی: هۆ ئەوەتە! مستۆیش بە تووڕەیی و بە گڤەگڤێکەوە لێی چووە پێشەوە و کابراش لە پشت دەرگاکەوە سەیر ئەکا، کە هەر چووە پێشەوە دەرپێکەی داکەند و - بیلامانێ - بووکی کرد بە ژن!

لەو کاتەدا بووکێ بایەکی لێ بەر بووەوە کابرای پشت دەرگا وتی: ئەوە دەردت بێ، چما ئەویش منم ئا بزانە کووت دەتڕێنێ هەر چەندە پێم دەگۆتی لۆم ڕاوەستە هەر گارتەت پێدەهات، هەنووکە ئەوهات دەتڕێنێ دە بخۆ لۆ خۆت!