ئینگلیز پاش شەڕی گەورەی یەکەم هاتە عێراق...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  622 بینین

ئینگلیز پاش شەڕی گەورەی یەکەم هاتە عێراق و کوردستانەوە. لە وڵاتی سلێمانی شێخ مەحموود گیرا، بە دیل برا بۆ هندستان و پاشان هێنایانەوە. حاجی مەلا سەعید کەرکووکیزادە هەبوو لە سلێمانی یەکێک بوو لە پیاوە گەورەکانی سلێمانی و قسەی ئەبیسترا. لەگەڵ شێخ مەحموودیش بەینی ڕێک نەبوو. کە بیستی وا شێخ مەحموو دێتەوە بۆ سلێمانی و بە حوکمڕانیش دێتەوە، بە کوڕەکانی ئەڵێ: ماڵ بارکەن و سلێمانی چۆڵ کەن، هیچ لێی ڕامەوەستن. ئەڵێن: بۆ چی؟ ئەڵێ: ئەڵێن ئینگلیز سەربەخۆیی ئەدا بە کورد. ئەڵێن: بابە شتی وا چۆن ئەبێ؟ ئەڵێ: کوڕم ئینگلیز کافرە، دای؛ دای، کێ هەیە ڕێگای لێ بگرێ؟ دە خێراکەن ماڵ بار کەن تا نەیداوە!