هاتە بەزمی ئێمە دوێنێ شەو برۆداسێ بەدەو
لە کتێبی:
دیوانی بێخود
بەرهەمی:
بێخود (1879-1955)
1 خولەک
789 بینین
هاتە بەزمی ئێمە دوێنێ شەو برۆداسێ بەدەو
هەر بە ناکامی پەڵەی سەبری دڵی کردم درەو
هات ئەما چی هات!؟ وەکوو گوڵ دەم لەبالەب پێکەنین
چوو، ئەما چی چوو!؟ وەکوو نێرگس دوو چاوی پڕ لە خەو
خوسرەوێکی وا بە ناز و عیشوە هێند شەکری شکاند
بووم بە فەرهاد ئاخری بۆ گفتوگۆی شیرینی ئەو
هەرکە چاوی کەوت بە ئەبرۆی دەسبەجێ قازی وتی:
لێ بدەن مەیتەر کە ئیمشەو جەژنە، دیمان ماهی نەو
گەر بە زەڕ بۆی دەس بدایێ شێخ تەماشا کردنی
زوو جل و خەرقەی ئەنایە ڕەهن و پێناوی گرەو
چینی کاکۆڵی کە پەخشان بوو بەلای ملیا، وتم:
سەر بیلادی شەرق ئەچێ وا دیارە هۆردووی غەربی شەو
دڵ کە کونکون بوو ئەبێ جارجارە ڕازی دەرکەوێ
دەنکە دەنکە نیسک و نۆک هەر دائەدەن بێژنگ و کەو
وەهـ چ خۆشە تا سبەینێ دەم لەسەر غونچەی دەمی
من وەکوو بولبول بناڵم، ئەو بخوێنێ چەشنی کەو
قەت بە گۆشتەوزوون نەزانی قەرتماغەی زامی دڵ
پێستەکەی لێ لادە بێخودناسناوی ئەدەبی تێ ئەگەی کردوویە هەو