حەمە پاشای جاف ئەوە بوو هەموو جاف لەژێر ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1069 بینین

حەمە پاشای جاف ئەوە بوو هەموو جاف لەژێر حوکمیا بوو، خۆیشی زۆر بە گەورەیی و خۆشی ڕایئەبوارد. کە ئەکەوێتە جەژنەکان هەر خزمەتکارێکی لا هەبوو سەر و دەستە جلی بە ناوی جەژنانەوە بۆ ئەکردن.

ساڵێک جەژنی قوربان بوو، باوکی فەقێ شێتەش هەر لای ئەو بوو. حەمە پاشا بۆ هەر یەک لە خزمەتکارەکان دەستە جلێک ئەکا. ئەمر ئەکا کورتانێکیش بە ناوی جەژنانەوە ئەدەن بە باوکی فەقێ شێتە!

ڕۆژی جەژن پاش نان خواردنی جەژن، دیوەخان پڕ ئەبێ لە خزمەتکار و سەرکۆمار کە هەموو هاتوون بۆ جەژنە پیرۆزەی پاشا.

خزمەتکاریش هەر یەکە دەستە جلی نوێی خۆی لەبەر کردووە. باوکی فەقێ شێتەش نقەنق ئەنیشێ بە کورتانەوە و ئەیکاتە کۆڵی و ئەچێ بۆ دیوەخانی لەژێر دەواری هەژدە هەستوونیدا. خەڵک هەموو چاویان پێ ئەکەوێ، تا هاتن قسە بکەن ئەم خێرا وتی: خەڵکینە! لوتفی پاشا لەگەڵ منا لێرەدا دەرئەکەوێ، ئێوە نازانن پاشا بۆ ئێوە ئەمری هەریەکە دەستە جلێکیان بە ناوی جەژنانەوە لە بازاڕ بۆ بکڕن، بەڵام بۆ من جلی تایبەتی خۆی داکەند و کردی بە بەرما. خەڵکەکە واقیان وڕ ئەمێنێ و حەمە پاشا دەست ئەکا بە پێکەنین.