ژنێک هەبوو مێردێکی زۆر ناقۆڵا و بزەنی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  770 بینین

ژنێک هەبوو مێردێکی زۆر ناقۆڵا و بزەنی هەبوو ناوی «شاپڵنگ» بوو. ڕۆژێک ژنەکە شاپڵنگ هەڵئەگرێ و ئەچێتە لای قازی شکاتی لێ ئەکا. ئەڵێ: جەنابی قازی من لەبەردەست ئەم کابرایەدا هیچم پێ ناکرێ و بەتەنگ هاتووم بەدەستیەوە؛ ڕێگایەکمان بۆ دانێ. قازی بۆیان ئەبڕێتەوە لە شەوێ پێنج جار زیاتر نەچێتە لای. شاپڵنگ چار ناچار ڕازی ئەبێ و ئەگەڕێتەوە.

کە ئەگەنە بەر دەرگا شاپڵنگ ئەگەڕێتەوە و ئەڵێ: بەقوربان جەنابی قازی لێی بپرسە بزانە ئەبێ بە قەرز بەرکوڵ و مەرکوڵی لێ بسێنم؟ قازی لە ژنە ئەپرسێ و ژنە ئەڵێ: قەیدی نییە و ئەچنەوە.

بەشێکی شەو ئەڕوا و ناڕوا، ژنە هەڵدێت و ئەڕوا بەو شەوە قاپیی ماڵی قازی ئەگرێ بە کۆڵەوە ئەڵێ: قوربان جەنابی قازی ناتوانم هەڵی بگرم هێشتا بەشێکی ئیمشەو نەڕۆیشتووە و حەقی پێنج شەوی بە قەرز لێ سەندووم. ئەمە بێجگە لە بەرکوڵی سەر ئێوارە. قازیش ئەڵێ: دایکم ئیشەکەی ئێوە پێچەوانەیە ئەگەر پێچەوانە نەبووایە من خۆم چارم ئەکرد، بەڵام ئێستە بڕۆ قەرز دوو ماڵ ئاوەدان ئەکاتەوە، ئەمە لە حەدیسی شەریفدا هەیە!