کابرایەک لەو دەشتە سەیری کرد وا کەلەسەرێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  685 بینین

کابرایەک لەو دەشتە سەیری کرد وا کەلەسەرێک کەوتووە و هەر هەڵئەخاتەوە ئەڵێ: ئەگەر زمان بوەستێ سەر سەلامەتە! ئەمەی بە لایەوە زور سەیر بوو، کە گەڕایەوە ناو شار وتی: کوڕینە! من ئیمڕۆ لەو دەشتە شتێکی سەیرم چاوپێکەوت. تەماشا ئەکەم کەلە سەرێکی بێ لەشی ئادەمیزاد هەر هەڵئەخاتەوە و ئەڵێ: ئەگەر زمان بوەستێ سەر سەلامەتە! وتیان کوڕە شتی وا چۆن ئەبێ؟ خەبەر گەیشت بە پادشا و پادشا ناردی بە شوێنیا و لێی پرسیی. کابرا لای ئەویش بەو جۆرە گێڕایەوە. پادشا وتی: ئەگەر وا نەبوو چۆن؟ وتی ئەوا کەلەسەرەکە لەو دەشتە؟ کەوتووە با بچین، ئەگەر وا نەبوو لە سەرم بدە.

پیاوی خستە تەکی و چوون. کە ڕۆیشتن سەیر ئەکەن بەڵێ کەلەسەرێکی ئادەمیزاد بە بێ لەش کەوتووە، بەڵام قسە و شتە ناکا. ئەمجا لە کابرا ئاڵان وتیان: خاوەنی ئەم سەرە تۆ کوشتووتە ئەبێ بکوژرێیتەوە لە باتی! هەر چەندە هاواری کرد هیچ دادێکی نەگەیاند. بە فەرمانی پادشا دایان لە سەری کابرا و سەریان پەڕاند.

پاش ئەوە کابرایان سەربڕی، کەلەسەرەکە کەوتە هەڵخستنەوە و دەستی پێکردەوە: ئەگەر زمان بوەستێ سەر سەلامەتە!