ساڵێک زوو لە کەرکووک کابرایەکی کورد ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  733 بینین

ساڵێک زوو لە کەرکووک کابرایەکی کورد - بیلامانێ - بە ژنە جوولەکەیەک فێر ببوو. ڕۆژێک ئەچێ بۆ لای ژنەکە بۆ ماڵەوە، لەو کاتەدا - خۆت تێ ئەگەی چ کاتێک - مێردە کەی دێتەوە، کە چاوی بەو کارەساتە ئەکەوێ پەلاماری کابرای کوردە ئەدا. کابراش پەلاماری ئەو ئەدا و ئەئاڵێن بە یەکا. هەندێ جار کابرای کوردە جوولەکە ئەخاتە ژێر. هەندێ جاریش جوولەکەکە ئەو ئەخاتە ژێر. ئەمە ژنەکەش وەستاوە و سەیریان ئەکا. جا لەو کاتەدا کە جوولەکە کابرای ئەخستە ژێر، ژنەکە ئەیوت: ئادەی لێی دە ئەو حیز و دزە، دوێنێ فێر بووە ئیمڕۆیش هاتووەتەوە. لەو کاتەشا کە کابرای کورد جوولەکەکەی ئەنایە ژێر ئەیوت: ئادەی لێی دە، دەست خۆش، خۆی هیچی پێ ناکرێ نایەڵێ خەڵکیش بێن!