ساڵێک زستانێکی تۆف ئەبێ دەستەیەکی خەڵکی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  774 بینین

ساڵێک زستانێکی تۆف ئەبێ، دەستەیەکی خەڵکی دێی «زاخە» ئەچن بۆ «سەقز» و ئەگەڕێنەوە. لەو کوێستانی ساراڵ و هۆبەتۆوە لێیان ئەکا بە کڕێوە و سەریان لێ تێک ئەچێ و سەرما کەسیرەیان ئەکا. لە بەینی خۆیانا دەست ئەکەنە نەزر و مەولوودی کردن بۆ ئەوەی بەڵکوو ڕزگاریان ببێ و دنیایان لێ خۆش بکا. یەکێکیان گایەک ئەکا بە مەولوویی، یەکێکیان ئەڵێ ئەگەر ڕزگار بووین بەرانێک مەولوویی بێت.

بەمجۆرە هەر یەک شتێک ئەکەن بە نەزر. یەکێکیان ئەمێنێتەوە هیچ شک نابا بیکا بە مەولوویی ئەڵێ: خوایە تۆ خۆت ئەزانی من هیچ شک نابەم هەر فاتەی ژنم نەبێ، تەڵاقیکی کەوتبێ لە ڕێگای تۆدا هەر لەم کڕێوە سەرێک دەرکەین و نەمرین!