شاخێک هەیە لەو خۆشناوە شاخی تف لە دەستی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  663 بینین

شاخێک هەیە لەو خۆشناوە شاخی «تف لە دەستی»ی پێ ئەڵێن. ڕۆژێک هەندێ لە کوڕ و کاڵی خۆشناوە ئەچن بۆ ئەوەی و ئەکەونە دەمەتەقێ کە شاخەکە بپێون. هەندێکیان ئەڵێن: بە گوریسان بیپێوین. هەندێکیان ئەڵێن: بە داران بیپێوین پیاوێکی زۆر دانایان تیا ئەبێ ئەڵێ: وا نابێ بابم. بە زەلامان بیپێوین؛ بۆ ئەوەی بزانین چەند باڵا پیاوە! هەموو ئەڵێن: قسە ئەمەیە کە حەمەدێ ئەیکا.

حەمەد ئەچێتە سەر شاخەکە. دەست بە لووتکە بەردێکەوە ئەگرێ خۆی شۆڕ ئەکاتەوە. یەکێکی تر ئەچێ دەست بە قاچی ئەوەوە ئەگرێ و ئەویش خۆی شۆڕ ئەکاتوە. بەو جۆرە حەوت هەشت کەس وا ئەکەن. حەمەدێ لە سەرەوە باڵی وەختە بپچڕێ، بانگ ئەکا: ڕەحمەتتان لێ بێ دەستان توند بگرن تف لە دەستی خۆ ئەکەم. ئەمە ئەڵێ و دەستی لە لووتکەی شاخەکە بەرەڵا ئەکا بۆ ئەوە تف لە دەستی خۆی بکا. کە ئەوە ئەکا هەموو زرم ئەکەونە خوارەوە هەپروون بە هەپروون ئەبن.