هۆبەیەکی کورد بە دەم لەوەڕی بەهارەوە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  532 بینین

هۆبەیەکی کورد بەدەم لەوەڕی بەهارەوە تازە گەیشتبوونە کوێستانی شاقەڵا و لەوێ خستبوویان، پیاوێک لە خۆیان ئەنێرن بۆ مەولاناوا، بۆ ماڵی شێخ حەسەن کە سبەینێ عەشرەت دێن بۆ زیارەتی شێخ. کابرا وەختی نیوەڕۆ ئەبێ ئەگاتە سەر حەوز و بەردەنوێژەکانی مەولاناوا. ئەبینێ ئەوە زەلامێکی زۆر بە دەوروبەری حەوزەکەدا دانیشتبوون دەست و دەموچاویان ئەشۆن و هەریەکە شتێکی درێژکەلەیان بە دەستەوەیە، دانیان ڕیچ ئەکەنەوە و ئەیکەن بە دەمیانا و دانیانی پێ تیژ ئەکەنەوە. کابرا کە ئەمە ئەبینێ، هەروا ئەحەپەسێ، ئیتر بەبێ چرپە و بەبێ قسە ئەگەڕێتەوە بەرەو دوا، بۆ ناو عەشرەت؛ جارجاریش لا ئەکاتەوە نەوەک بێن بە شوێنیا.

خێڵ دەوری لێ ئەدەن و ئەڵێن: عەرزی شێخت کرد - وە فیدای بین -. ئەڵێ: «عەشرەت! شێخی چی و شتی چی؟ شێخ بیستگییە کە ئێمە هاتگین و ئەچین بۆ زیارەت - ڕوحم وە قوروانی وێ - ناردگییەسی پڕ ئەو دەشتە زرتەبۆز. زرتەبۆزیش بەڵمەبرنجی هاوردگە، هەریەکە هەناسە فیقنەیەکی داگەوە دەستیانەوە، لەسەر حەوزەکە گشتیان دگانیان ڕیچ کردگەسەوە، وە هەناسە فیقنەکە دگانیان تیژ ئەکردەوە، بۆ ئەوە کە ئێمە چووین وە جارێ گشتمان بخۆن و قەڵاچۆی عەشرەتی میرەویسی بوڕنەوە. گوی نەنکیان ئەخۆن، وە سەری ئەو شێخە، ئێمە وێ و پێمان ناچێتە ئەو ئاواییە».

ئەمە ئەم کابرایە بەم جۆرە گێڕایەوە بۆ عەشرەت، کەچی تومەز ئەمە سۆفی و مرید بوون لەسەر حەوزەکە دەستنوێژیان شۆردووە و سیواکیان بە دەستەوە بووە، سیواکیان کردووە.