وەستا گورونی بەرگدروو هەبوو لە سولەیمانی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  568 بینین

وەستا گورونی بەرگدروو هەبوو لە سولەیمانی، دووکانەکەی لە قەیسەری وەسمان پاشادا بوو، شاگردێکی هەبوو خولەی ناو بوو، هەموو ڕۆژێ خولە ئەچووە سەر کونە بەڕۆچکەی قەیسەرییەکە بانگی ئەکرد: وەستا بچم بۆ سەرچنار؟ ئەویش ئەیوت: بچۆ گیانی وەستای.

لەپاشا پێیان وت: ئەوە بۆچ ئیزنی ئەدەی؟ ئەویش وتی: ئیزنی چی ئەدەم؟! ئەو چاکی لێ کردووە بە لادا، توێشووی لێ بەستۆتە پشتی و داردەستەی گرتووە بە دەستەوە. ئیزنی بدەم و نەدەم هەر ئەچێ، نەوەڵڵا بۆ ئەم پرسە گورگانەیە نە خۆم پیاو خراپ ئەکەم، نە قسەکەشم ئەشکێنم!