لەو وڵاتی ئالانە - وڵاتی قارەمانان - کار...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 21 خولەک  750 بینین

لەو وڵاتی ئالانە - وڵاتی قارەمانان - کارەساتێکی زۆر سەیر لەو چەند ساڵانەی ڕابوردووەدا ڕووی دابوو، یەکێک لەوانە کارەساتە ترسێنەرەکەی بەسێ، ئەو کارەساتەی کە ئێستاش دەماودەم ئەیگێڕنەوە و جەرگی بێ ترس و داوێنە پاکەکەی بەسێ وەکوو نموونە پیشان ئەدەن. حەیفە خوێندەوارانی ئەم ڕشتەیە لەو زنجیرە قارەمانییەی بەسێ بێئاگا بن!

بەسێ، کچێکی جوانکیلەی ناسکۆڵە بوو، بە چەند ساڵێکی کەم لە براکەی بچووکتر بوو، منداڵێک لە ماڵیان هەبوو ئەویش هەر لە تەمەنی ئەمانا بوو. ئەم منداڵە کوڕی پیاوێکی هەژاری دراوسێی ماڵی باوکی بەسێ بوو، باوکی ئەم کوڕە، سەپانی ئەمان بوو، لەگەڵ ئەم بەسێیە هۆگری یەک ببوون، هۆگرێکی وەها کە کەس جیای نەئەکردەوە ئەو منداڵە برای بەسێ و براکەی نییە، شەو و ڕۆژ لە دەشت و ماڵا ئەمانە هەر پێکەوە بوون، هەر پێکیشەوە گەورە بوون.

حەمەدێ برای بەسێ بوو، بوو بە پیاوێک لەو ناوەدا ناوی دەرکرد، بەسێ لە حەمەدێ لە شۆخوشەنگیدا گەلێ زیاتر ناوی دەرکردبوو، وەکوو ئەیگێڕنەوە بەسێ ئەگەر مێوژە ڕەشەکەی بخواردایە لە سای گەردنیەوە دیار بوو، کوڕەی کوڕە سەپانیش کە کوڕی ماڵ بوو، ئەویش گەورە ببوو، بوو بە پیاوێک تومەس لە دڵا دڵی چووە لە بەسێ و ناشوێرێ بیدرکێنێ! ڕۆژگار هێنای و بردی، داواکەری بەسێ زۆر بوو، لە ئاخرا باوکی بەسێ لەگەڵ کوڕێکی سپیارەییدا ڕێ کەوت و بە حەسب و ڕەزای بەسێ، بەسێ درا بەو کوڕە و شایی و زەماوەند کرا. بەسێ گوێزرایەوە بۆ کوڕە لە سپیارە.

کوڕەی کوڕە سەپان، ئەوا بەسێ لێی دوور ئەکەوێتەوە نازانێ چ بکا! هێنای پیلانێکی وای خستە کار کە لەگەڵ بەسێ بچێ بۆ سپیارە، ماڵی باوکی بەسێ ئەم کوڕەیان هەر بە برای بەسێ داناوە، وەکوو بەسێ چۆن سەیری حەمەدێی برای کردووە، هەر بەو جۆرەش سەیری ئەم کوڕەی کردووە. هەموویان قسەیان هاتە سەر ئەوە کە ئەم کوڕە لەگەڵ بەسێدا بڕوا و بەسێ ئەچێ بۆ وڵاتێکی غەریبی با برایەکی خۆی لەگەڵ بێ، بەسێ دڵی پێ بکرێتەوە.

تەدارەیەکی گێڕا و سپیارەیی هاتن بووکی خۆیان گوێستەوە و باوکی بەسێ کوڕەی لەگەڵ بەسێدا بە ناوی برایەوە نارد. بەسێ لە ماڵی مێردا زۆر بە حورمەت و بە چاوێکی بەرزەوە سەیر ئەکرا، بەسێش لەگەڵ مێردی خۆیا بە تەواوی ڕێک کەوت. ماوەیەکی پێچوو باوەخون کرایەوە و گەڕانەوە ماڵی مێردی خۆی. ماڵی باوکیش چوون سەریان لێ دا و ئەوانیش گەڕانەوە ماڵی خۆیان. لەم ماوەیەشدا کوڕەی کوڕە سەپان، لە وڵاتی سپیارە هەموو کەس هەر بە برای بەسێی ئەزانی و هیچ شەرم و شکۆفێک لەبەینا نەبوو.

ساڵێک بە سەر بووک و زاوادا تێپەڕی و بەسێ کوڕێکی بوو. لەم ماوەیەدا بەسێ جار جار هەر هاتوچۆی ماڵی باوکی ئەکردەوە. کە بوو بە خاوەن منداڵ لە لایەکەوە ئەرکی ماڵ و لە لایەکەوە ئەرکی منداڵ، ئیتر ئەوەندە پێی نەئەکرا بچێتەوە بۆ ماڵی باوکی، بەسەر منداڵبوونەکەشیا ساڵێک تێپەڕی و کوڕەکەی هەر وا کەوتە گاگۆڵکی و دەمدەمی دارەدارە، کوڕی چی کوڕ لە بەسێ ببوو ئەتوت هەنارە!

ماوەیەک بوو بەسێ نەچووبۆوە بۆ ماڵی باوکی، ئەڵهای زۆر ئەکرد، ماڵە خەزوورانیش لەبەر ئیش و کاری لادێ پێیان نەئەکرا لەگەڵ بەسێ بچن و بیبەنەوە بۆ سەردانی ماڵی باوکی. بە ئیمڕۆژ و سبەی چەند ڕۆژێک دوایان خست، پاشان وتیان ئەمەی پێناوێ ئەوا برای خۆی لەگەڵە با ئەو بیباتەوە، چەند ڕۆژێک لە ماڵی باوکی ئەمێنێتەوە، ئەو وەختە ئەگەر ئێمە پێمان کرا ئەچین ئەیهێنینەوە، ئەگەر پێشمان نەکرا ئەوا هەر کوڕە ئەیهێنێتەوە.

بەسێ تەدارەکی خۆی گرت و کۆرپەی خۆی گرتە باوەش و کوڕیان خستە تەکی و لێیان دا ڕۆیشتن. بەسێ ئەو ڕێگەی چەند جار پیا هاتبوو شارەزا بوو، بەو ڕێگەیەدا چوون. ماوەیەکی باش ڕۆیشتن، کوڕەی کوڕە سەپان وتی: ئەو ڕێگەیە دوورە من ڕێگەیەکی تر پێ ئەزانم با بەوێدا بچین. کچە وتی: باشە برام بە کوێدا ئەڵێی با بچین. کچە سەیر ئەکا ڕێگەکەیان هە ڕووەو هەڵدێر و تووش ئەڕوا! وتی: برام وا دیارە زۆر تووش و ناخۆشە بۆچ لێرەوە هاتین؟ کوڕەش ئەیوت: قەیدی نییە ئەم ڕێگەیە نزیکترە! هەر ڕۆیشتن و نەگەشتنە شوێنێک، شەویان بەسەرا هات، بە شاخەکەدا سەرەوژوور ئەبوونەوە، دنیا زۆر تاریک بوو، تاریکییێکی وەها پەردەیەکی بەسام کشابوو بەسەر ئەو شاخ و چیایەدا! دنیاش گیاڕەشی بەهار بوو، لە لایەکەوە کشوماتی تەنها دەنگی نهێنیی کردگار نەبێ هیچی تر نەئەگەیشتە ئەو شوێنە! کچە زۆر ئەترسا، کوڕەش دڵی ئەدایەوە، شەو درەنگ کەوت و کەوتنە ناوەندی شاخەکەوە، ئەشکەوتێک لەوێدا بوو، کوڕە وتی: با ئیمشەو لەم ئەشکەوتەدا ستار بگرین بەیانی ئەڕۆین. کچە وتی باشە برا، ڕاستی منیش زۆر هیلاک بووم.

چوونە ئەشکەوتەکەوە، بەسێ کۆرپەکەی بە باوەشەوەیە خەوی لێکەوتووە، بەڵام سامێکی تر خۆی دا بەسەر ئەشکەوتەکەدا! بەسێ لەوانە بوو زیڕە بکا و هیچ دەرەتانێکیشی نییە تەنها ئەوە نەبێ کە برایەکی خۆی لەلایە، بەڵێ ڕاستە برای باوک و دایکی نەبوو، بەڵام برایەک بوو کە لە بێشکەی منداڵییەوە پێکەوە گەورە ببوون تا گەیشتبوونە ئەم کاتە، بەتایبەتی لەم وەختەدا و لەم شوێنە دوور لە ئاوەدانی و نزیک لە هەموو سامێک بەسێ کوڕەی بەلاوە گەلێ لە حەمەدی برای لە پێشتر ئەزانی بۆ خۆی! کوڕەش لەو وەختەدا هەستا تۆزێ داری کۆ کردەوە و ئاگرێکی کردەوە و دانیشت و ڕووی کردە بەسێ و وتی: بەسێ دەمێ ساڵە بڵێسەی ئاگری ئەو ڕوومەتەت کە ئێستا لەم ئاگرە زیاتر ئەدرەوشێتەوە لە دڵما کڵپەی سەندووە و نەمتوانیوە دەری بڕم، ئێستا ئەو وەختەیە کە ئەو ئاگرە بە ئاوی دروستبوونت لەگەڵما بکوژێنمەوە و ئەبێ دڵی خۆتم بدەیتێ!

بەسێ کە گوێی لەم قسەیە بوو، وردە تەزوویێک لە تەوقە سەریەوە دەستی پێکرد تا گەیشتە کەڵەموستی پێی! وەکوو لەو سەر شاخە بەرزە فڕێی دەنە خوارەوە هەپروون بە هەپروون ببێ وای بەسەر هات و تف لە دەمیا وشک بوو، زمانی بەسترا! کوڕە دیسان هاتەوە قسە و وتی: بەسێ! وەختی بێقسەیی نییە، ئاگری دڵی من لە بێقسەییی تۆ گەلێ بەهێزترە! ئینجا بەسێ هاتە زمان و وتی: ئەوە تۆ ئەڵێی چی؟! ئەوە تۆی قسە ئەکەی؟ یا من خەوێکی شپرزەیە ئەیبینم و گوێم لە قسەیەکی ناخۆشەوە ئەبێ لە برایەکی خۆمەوە؟ کوڕە وتی: بەسێ وەختم لە دەست دەر مەکە، دەمێ ساڵە بە شوێن ئەم وەختەدا ئەسووڕێمەوە، لە ئاسمان بۆی ئەگەڕام ئەوە ئێستا لێرە بەئاسانی دەستم کەوت!

بەسێ وتی: برام لە ڕۆژێکەوە کە منداڵی دەرودەشت بووین تا ئەم وەختە من تۆم بە برای خۆم زانیوە، نەوەک من هەموو کەس تۆیان بە برای من زانیوە، ئێستا عاجباتییەکەم هەر لەوەیە کە چۆن لە ڕووت هەڵدێ ئەم جۆرە قسانە ئەکەی؟ وە چۆن ئەو ناز و بەخێوکردنەی ماڵی باوکی منت لە فیکر چووەوە کە ئێستا دەستی خیانەت بۆ ماڵی باوکی من درێژ ئەکەی؟ وە چۆن ئەتوانی خیانەت لە ئەمانەت بکەی؟ منیان داوەتە دەست تۆ بە ئەمانەت، خوا ڕەوای هەقی نییە هۆشی بێنەوە بە بەر خۆتا و بزانە بە دەم خەوەوە قسە ئەکەی؟ یا بەئاگای؟ ئەگەر بە دەم خەوەوە قسە ئەکەی با خەبەرت بێنمەوە ئەو وەختە بزانە ئەبی بە تنۆکێ ئاو و ئەچی بە عەرزەکەدا یان نەء؟

کوڕە وتی: بەسێ! ئەم قسانە بە گوێچکەی من ئاشنا نابن و لەسەر ئەم قسانە مەڕۆ، دڵی خۆتم ئەدەیتێ باشە، نامدەیتێ ئەوا خەنجەر بە بەرۆکەوەیە و - نەوی لە خەنجەرەکەی و ڕایکێشا - بەم خەنجەرە ئارەزووی دڵی خۆمت لێ وەرئەگرم! بەسێ، کە زانی وایە، دەستی کرد بە گریان و کەوتە پاڕانەوە، وتی: برام سوێندت ئەدەم بەو نان و نمەکەی کە لەبەینی من و تۆ و باوکی منا هەیە، لەم فیکرە واز بێنە و نامووسی ئەم خۆشکەی خۆت مەشکێنە و خوا ڕەوای هەقی نییە لە کەڵکی شەیتان وەرە خوارەوە.

هەتیوە، کە زانی بەم جۆرە شتانە ئیشی بۆ ناچێتە سەر، پەلاماری کۆرپەکەی دا و لە باوەشی بەسێی فڕاند و وتی: بەسێ! دڵی خۆتم ئەدەیتێ باشە ئەگینا ئێستا لەبەر چاوتەوە ئەم کۆرپەیەت پارچە پارچە ئەکەم! بەسێ کە زانی هەتیوە چاوی سوور بووە و خەنجەری ڕووتی بە دەستەوە گرتووە و بەو جۆرە کۆرپەکەشی لە باوەش فڕاند، وتی: هەی نمەک بە حەرامی خوانەناسی بێ دەرفەتی بێدەرەتان، بەوە ئەمترسێنی؟! بەو خوایەی کە ئێستا وا لەم شوێنە چۆڵەدا گوێی لە کەساسیی منە، نەوەک بە منداڵ بەڵکوو خۆم و منداڵم پارچە پارچە بکەی دەست بۆ نامووسی من درێژ ناکەی.

هەتیوە، کە ئەمەی زانی شاخی هاری و شێتیەتی بەتەواوی لەسەر سەریەوە دەرچوو و بەبێ هێڵ و گفت پەلاماری ئەو کۆرپە نازدارەی دا کە ئەتوت بەرخی ساوایە و نووستووە، خەنجەری نایە سەر ملی تا بەسێ وتی: هەتیو چی ئەکەی؟! هەتیوەش سەری ئەو منداڵە بێتاوانەی لەبەر چاوی ئەو دایکە جەرگسووتاوی ڕۆژی ڕەشەوە لە لەشەکەی جیا کردەوە و وتی: بەسێ ئاوات لێ ئەکەم! بۆچ هەر وا وازت لێ دێنم؟ کە واتە دڵی خۆتم بدەرێ با لەمە خراپتریش نەبینیت!

بەسێ وتی: چیت لە دەست هات کردت و پەردەی جەرگمت بڕی، ئیتر چی ئەکەی؟ قسە یەکە و نەبووە بە دوو، تۆ توخنی نامووسی من ناکەوی! هەر لەم کاتەدا هەتیوە بە خەنجەرە بەربووە لەشی منداڵەکە و دەست و قاچیشی لێک کردەوە! ئینجا بەو خەنجەرە ڕووتە خوێناوییەوە پەلاماری بەسێ خۆی دا. وتی: بەسێ ئەوە خەیاڵە تۆ کردووتە یا ئەبێ ئەم خەنجەرەم لێ وەربگری یا ئەبێ دڵی خۆتم بدەیتێ، ڕزگار بوونت نییە، ئەمەی وت و خەنجەری لەسەر سنگی بەسێ توند کرد! بەسێ ئیتر هیچ چارێکی نەما، تەنها ئەو هەناسە هەڵکڕووزاوەی نەبێ کە ڕووبەڕووی ئاسمانی کردەوە بۆ ئەوەی دەستێکی نهێنی لەسەر پاراستنی نامووسی ئیشێکی بۆ بکا.

ئەم هەناسەیەی ڕووبەڕووی ئاسمان کردەوە و پەلاماری مەچەکی هەتیوەی دا، مەچەکی هات بە دەستەوە، هێزێکی نهێنی کاری کردە بەسێ، شێرانە و مەردانە خەنجەری لە مستی هەتیوە هەڵپڕوکاند و لەسەر سنگی هەتیوەی دانا، تا هەتیو وتی: چی ئەکەی بەسێ؟ خەنجەری لە لەشی هەتیوە دا دیوەدەر کرد و دەریهێنایەوە و دیسان ئاوقەی سەر دڵی کرد و خوێن فیچقەی کرد و هەتیو خاو بۆوە و لەوێ لاشەیەکی پیسی بێگیان کەوت!

بەسێ هەستا چووەوە ئەولا، دەست و قاچی بڕاوی کۆرپەکەی کۆ کردەوە و لەبەر دەمی خۆی داینا، لە لایەکەوە ئەم دیمەنە، لە لایەکەوە دیمەنی کوژراوی هەتیوەکە، لە لایەکیشەوە دنیای بە سامی ئەو ئەشکەوت و شاخوداخە، بەسێیان لەم عالەمەوە خستبووە عالەمێکی تر و کەوتە دەریای خەیاڵی ئەو ڕۆژە تاریکەوە، کە بە سەری هات، بەسێ لەناو شەپۆلی ئەم دەریایەدا ئا بەو جۆرە نقوم بووە، نقوم بێ!

بەڵێ هەرچەندە گیاڕەشی بەهارە، بەڵام ئەوەتە خۆت ئەیزانی ئەو وڵاتی کوردەوارییە بەتایبەتی وڵاتی ئالان کوێستانە و بەهاری شوێنان لەوێ زستانە! دنیا شەو بوو، پاش خێڵ خەوتنان و کوڕ و کاڵ لە دیوەخانی مەمەند ئاغادا لە ئاواییی گرگاشێ، دانیشتبوون لە هەر بازاڕێک قسەیەک ئەکرا و لە هەر داستانێک زمانێک ئەگیرا! گڕگڕ باس هاتە سەر باسی ئازایی و نەترسی، هەر یەکە لە عاستی خۆیەوە خۆی بە شتێک ئەزانی، کەس نەیئەوت من هیچ نیم! لەم بازاڕەدا ئەم قسەیە گەرم بوو، هەر یەکە دەستی کرد بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی و خۆی پێوە هەڵئەکێشا. بەڕاستی ئەو ڕۆژەش ڕۆژی دەست و تفەنگ و دڵ و جەرگ بوو، نە دنیا وەکوو ئێستا گۆڕاو بوو، نە ئازایی وەکوو ئێستا بەدناو ببوو! ئێستا شێر بە گوێ بگرە، ئەگەر دراوت نەبوو پێت ئەڵێن ئەوە شێت بووە!

مەمەند ئاغا، لە سەرووی دیوەخانەکەوە دانیشتبوو، وتی: کوڕینە ئەمەی پێناوێ کێ لە ئێوە ئەتوانێ ئێستا بچێتە ئەشکەوتی سەراشان و بێتەوە، ئەمەیە پیاوەتی و ئازایی بزانم کێ لە دەستی دێت؟ پەردەیەکی بێدەنگی کشا بەسەر دیوەخانەکەدا و کەس ورتەی لێوە نەهات! خەڵکەکە ئەم سەیری ئەوی ئەکرد و ئەو سەیری ئەو، کەسیان نەیانتوانی دوو لێویان ببزونەوە! مەمەند ئاغا هاتەوە قسە و وتی: کوڕینە جارێکی تر کە نەکەونە قسە کردن و خۆهەڵکێشان، ئەوا من لەسەر گرەو ئەیکەم، بە گۆڕە بابم هەرکەس ئیمشەو بچێتە ئەشکەوتی سەراشان ئەم دەستەسڕە لەوێ دانێت و بێتەوە - دەستی برد دەستەسڕەکەی لە بەرۆکی دەرهێنا و داینا - ئەستێڵی کچمی لێ مارە ئەکەم و ئەیکەم بە کوڕی خۆم، دەسا بزانم کێتان ئەم ئازایییە ئەکەن و ئەم گرەوە ئەبەنەوە؟ دیسان کەس نەهاتە زمان و کەسێک نەبوو بە خۆیا ڕابپەرموێ! «مەمەند ئاغا» وتی: جارێکی کە کەس قسە نەکا و منیش بۆم دەرکەوت کە پیاوێکم نییە لە وەختی تەنگانەدا پشتی پێ ببەستم! کە ئاغا لە قسەکانی بووەوە، حەمەدێ هەستایە سەرپێ و وتی: خوڵامی سەری ئاغام و چوو دەستی ماچ کرد. ئاغا دەستی برد دەستەسڕەکەی دایە و وتی: لەم دیوەخانە هەڵناستین تا دێیتەوە!

حەمەدێ دەستەسڕی هەڵگرت و هاتە دەرەوە! کە سەیری کرد دنیایەکی تاریکە و چاو چاو نابینێ، نمەنمەش باران دێتە خوارەوە، هەرچەندە بەهارە، بەڵام زۆر ساردیشە، لەوانەیە جانەوەر و پەلەوەر هەریەکە لە کولانە و هێلانەی خۆیانا لە ترسی سەرما و لە ترسی سامی ئەو شەوە، جووتیان نەوێرن قسە لەگەڵ جووتیان بکەن! بە دڵێکی قایمتر لە دڵی شێر، چاکی کرد بە لادا و بەڕێ کەوت ڕووەو ئەشکەوتی سەراشان، ئەو ئەشکەوتەی کە تاپۆیەکی سامناکی و دەردەدارییە و ئەم نە ئاگای لەوە، نە ئاگای لە کارەساتی ناهەنجامی ئەو شەوە شوومەیە!

بەڕێ کەوت و وەکوو بای سەڕسەڕ ڕێگە هەڵدێر و تووشەکەی ئەبڕی. ئەم لەم لاوە ڕێگەی ئەبڕی، مەمەند ئاغا و دانیشتووانی دیوەخانیش بە پەنجە کرچەکرچی سووڕانەوەی چەرخی فەلەکیان ئەبڕی و چاوەڕێی هاتنەوەی حەمەدێیان ئەکرد!

حەمەدێ، شیوەکانی بڕی و دایە پێ شاخ، بەرە بەرە لووتکەکانیشی ئەبڕی، هەتا نزیکتر ئەبۆوە لە ئەشکەوتی سەرشان دڵی زیاتر دەستی ئەکرد بە تەپ و کوت و لێدان! جارجاریش بە خۆی ئەوت: دەک حەمەدێ هەناوت بڕێ، ئەوە ئەترسی؟

دنیا زۆر تاریک بوو، چاوی تەنها تاریکی نەبێ هیچی تری نەئەبینی. نە دەنگێک لە دەنگدارەوە ئەهات، نە خشەیەک لە جانەوەری بەهارەوە! پەردەیەکی کشوماتی و سامناکی لووتی بە سەر شاخ و چیاکانا داژەندبوو، ئەوا ئەیزانی ڕووە و ئەشکەوتی سەراشان ئەڕوا، بەڵام لەبەر تاریکی نەیئەزانی کامە کونەکەیەتی، کاری شارەزایی ڕاست بێ کە دەستی حەمەدی ئەگرت و ڕووبەڕووی کونەکە ڕایئەکێشا!

حەمەدێ تەنگی بە ئەشکەوت هەڵی و وای لێ هات کە لەوانە بوو تارماییی کونەکە بەدی بکا و بچێ دەستەسڕی مورادی لێ دانێ و بگەڕێتەوە، کتوپڕ لە ناکاو ئەو شەپۆلی دنیای سامناکەدا ترپەیەک لەبەر دەمییەوە هات و شتێکی بۆ هاوێژرا و دای لە لەشی!

حەمەدێ بەندی جگەری کەوتە خوارەوە و هەر لە شوێنەکەی خۆی وشک بوو، تاسێک بردییەوە! ئەژنۆی هێزی تیا نەما، نە ئەمەتە بۆ پێشەوە بڕوا، نە ئەمەتە بتوانێ بەرەو دوا بگەڕێتەوە. هەر ئەوەندەی پێ کرا لە شوێنەکەی خۆی دابنیشێ، لەو کاتەدا کە دانیشت دەستی کەوت لەو شتە کە بۆی هاوێژرا، کە هەڵیگرت و بەدەست تاقی کردەوە سەیری کرد ئەمە قۆڵی ئینسانە و هیی منداڵیشە!

بەتەواوی ئەوەندەی تر ورەی بەردا و ئەوی هێزی بێ تیا نەما، تەنانەت زمانیشی لە گەڕان وەستا! ئەوی لە هەموو لەشیا بەئاگا بوو، بەسەریا هات و کەوتە شەپۆلی خەیاڵەوە، کە ئەمە چی بوو؟ چ کارەساتێ بوو بە سەریا هات و کەوت چ شوێنێکەوە کە هاوڕاز لێرەدا تەنها سام و ترسە!

بەم خەیاڵەوە تلایەوە و پاش تۆزێک ڕووی کردە خۆی وتی: دەک حەمەدێ! عەمرت نەمێنێ! خۆ تۆ ئیدعای کەڵەمێردیت ئەکرد، ئەوە بۆچ وات لێ هات؟ کوا ئازایی و بڕەبڕەکەت؟ بۆچ نەتئەزانی دنیا هەموو کاتێکی شێنەیی و دیوەخانەکەی مەمەند ئاغا نییە؟ دە بیخۆ ئەوە دەردت بێ هەی کەڵەمێردی سەری بالیفان!

کە لەم ڕاز و نیازە بۆوە سەیری کرد وا هێزێکی هاتەوە بە بەرا و وردە وردە سام و ترس ڕەوی کرد و هەستایەوە سەرپێ، دەستی لەسەر خەنجەرەکەی دانا و بە دڵێکی گەلێ لە هەوەڵ قایمترەوە دەستی کردەوە بە ڕۆیشتن، هەر بۆ بەردەمی ئەشکەوتی سەراشان.

چەند هەنگاوێکی تر ڕۆیشت، سەیری کرد شتێکی تری بۆ هاوێژرا و درا لەسەر سنگی! کە دانەویەوە هەڵی گرت دنیاش تاریکە - و تاقی کردەوە تەماشا ئەکا ئەمە قاچی منداڵێکی بڕراوە! دیسان زۆر ترس باری کرد، قاچەکەشی هەڵگرت و ئینجا بانگی کرد: ئەی ئەو کەسەی لەو ئەشکەوتەیت! دێوی، درنجی، چیت، دەنگ بکە، سەرێکە و هێناومە نایبەمەوە، یا ئەمەتە وەکوو خاوەنی ئەم دەست و قاچەم لێ دێ، یا ئەمەتە تۆ وات لێ دێ، کەواتە مەردانە وەرە مەیدانەوە. کە حەمەدێ ئەمەی ئەوت: دەنگەکەی لە تۆی ئەو تاریکیی شەوەدا لەبەینی شاخەکانەوە دەنگی ئەدایەوە. کتوپڕ دەنگێکی ناسکی بەسۆز لەناو ئەشکەوتەکەوە هاتە گوێی، وتی: ئای کاکە گیان! نە دێوە و نە درنجە، بەسێی خوشکی چارەڕەشی هەناسەساردتە، وا لێرە کەوتووە! ئەوە تۆ فریشتەی ئاسمان بووی؟ یا حەمەدێ؟ برای بەسێ بووی لەم وەختەدا گەیشتی؟ و دەنگەکە ئیتر نەما! قسەیەکی کوردی هەیە ئەڵێ: هەتەر مەتەر، ئەم لەو بەتەر! حەمەدێی چی؟ بەسێی خوشکت چی؟ ئەمە چییە؟ ئەمە چ کارەساتێکە؟ ئەمە خەوە حەمەدێ ئەیبینێ، یا جادووە و گوێچکەی ئەزرنگێنێتەوە؟ ئەو بۆچی هاتووە و چی بەرگوێی ئەکەوێ؟!

لە ڕاستیدا کەوتەوە ناو دەریای خەیاڵ، بەڵام ترس لە دڵی حەمەدێیدا نەماوە، هەر ئەوەندە نەبێ کە ئەمە چ وردە شەپۆلێکە بەسەر پەردەی گوێچکەیا ئەڕوا!

تۆزێکی زۆر کەم وەستا و خەنجەرە ڕووتەکەی گرت بە دەستێکیەوە و دەست و قاچە بڕاوەکەشی کرد بە بەر پشتێنەکەیا و بە حەپەساوی و سەراسیمەوە خۆی کرد بە کونی ئەشکەوتەکەدا و چووە ژوورەوە. سەرەتا چاوی بە ژیلەمۆی ئاگرێک کەوت، کە هەندێ سەرە بزوتی بە سەرەوە ماوە و وردە وردە ئەسووتێ. بە تەنیشت ئاگرەکەوە ئافرەتێک بەبێ هۆش لەسەر لا کەوتووە! لەتەنیشت ئافرەتەکەشەوە لەشی منداڵێکی پارچەپارچەکراو تێکەڵاوی خۆڵەکە بووە، لەوبەری ئاگرەکەشەوە زەلامێک خەنجەر لەسەر دڵی دراوە، کوژراوە و هێشتا هەر خوێنی لێ دێ و هەندێ لە دەماری لەشی ئەبزوێتەوە، وا دیارە ئاخروئۆخری گیان دەرچوونیەتی!

ئەم دیمەنە ناهەموارە لەم شوێنە دوور لە ئاوەدانییەدا بەتەواوی حەمەدێی خستە عالەمێکی ترەوە. ئەمە چییە؟ ئەمە چ کارەساتێکە؟! وردە وردە چوو بەلای ئافرەتەکەوە بە هۆی ڕووناکیی ئاگرەکەوە، کە جوان سەیری کرد تەماشا ئەکا ڕاستە ئەمە بەسێی خوشکیەتی و بەبێ هۆش کەوتووە! چوو سەری بەرز کردەوە و لەسەر ڕانی خۆی داینا و دەستی هێنا بە ڕوومەتیا و قژە بزڕکاو و خۆڵاوییەکەی لادا و بانگی کرد، بەسێ، بەسێ! بەسێ هیچ دەنگی نییە. هەندێکی تر شان و ملی شێلا و بانگی کردەوە بەسێ! بەسێ چاوی بەرز کردەوە و یەکەم چاو چاوی بە حەمەدێ کەوت! دوو تنۆک فرمێسک لە چاوی هات، وتی: کاکە گیان ئەوە تۆیت وا سەری بەسێی خوشکی چارەڕەشت خستۆتە سەر ڕانت؟! ئەمەی وت و بێهۆش کەوتەوە! حەمەدێ لەبەر خوشکی نایپەرژێ سەیری شتی تر بکا و بزانێ چییە. دیسان کەوتەوە تەقالادان بۆ بەهۆش هێنانەوەی بەسێ. بە هەر جۆر بوو هێنایەوە هۆش خۆی و وتی: بەسێ! تێم بگەیەنە چییە و ئەم کارەساتە چییە؟ شێت بووم! لەم وەختەدا چی ئەکەی لەم شوێنە و ئەم تەرمانە چین و ئەم ڕۆژە چییە من بەرچاوم ئەکەوێ؟ بەسێ تێم بگەیەنە بەسێ!

بەسێ سەری بەرز کردەوە، وتی: کاکە سەیری تەرمی ئەو زەلامە بکە بزانە ئەیناسی؟ حەمەدێ چوو لووتی شۆڕ کردەوە بە سەر تەرمەکەدا و بەتەواوی واقی وڕما و سەری پەنجەی شایەتمانی کرد بە دەمی خۆیا و بە سەرسامییەوە هەر زیاتر سەیری ئەکرد. پاشان وتی: بەسێ ئەمە کوڕی سەپانەکەی خۆمانە، کە بە منداڵی پێکەوە بووین، ئای پشتی شکاوم، ئەمە بۆ کوژراوە؟! بەسێ من و تۆ برایەکمان لەدەست دەرچوو. ئەمەی وت و هەردوو چاوی پڕ بوو لە ئاو!

بەسێ وتی: کاکە مەگری، ئنجا وەرە بۆت بگێڕمەوە، دەستی پێکرد لەو وەختەوەی کە لە ئاواییی سپیارە دەرچووبوون تا ئەم وەختە هەمووی بۆ گێڕایەوە و دەستی برد لەشی کۆرپە سەربڕاوە خۆڵاوییەکەی هێنا و نووساندی بە سنگیەوە و دایە پڕمەی گریان!

حەمەدێ کە لە کارەسات و لە نمەکبەحەرامی هەتیوە تێگەیشت، هەر ئەوەی بۆ مایەوە بە تیلەی چاوێکی پڕ لە خەشمەوە سەیرێکی تەرمی هەتیوەی کرد و دەستی دایە خەنجەرەکەی، بەڵام پاشان کردیەوە بە کێلانەکەیا چونکە هەتیوە کوژرابوو تازە خەنجەری چی لێ بدا؟! ئینجا وتی: بەسێ تێگەیشتم تەنها ئەوە ماوە تێم بگەیەنی کە من نزیکی ئەشکەوتەکە بوومەوە، ئەم دەست و قاچی منداڵە بڕاوە چی بوو بۆم ئەهات؟

بەسێ وتی: کاکە، دنیا کە وەکوو ئەیزانی زۆر تاریک بوو، منیش چاوەڕێی دەروویەکی ڕەحمەت بووم کە لەم گێژاوی مەینەتە ڕزگارم ببێ. کتوپڕ لە دوورەوە تارمایییەکم بەرچاو کەوت، کە ڕووبەڕووی ئەشکەوتەکە هات، هەر ئەوەندە بوو تارمایی بوو ئەبزووتەوە، ئیتر نەمئەزانی چییە! وتم هەبێ و نەبێ لەم نیوەشەوەدا و لەم شوێنە چۆڵەدا ئەمە دڕندەیە، بۆنی خوێنی کردووە و بە بۆنەکەوە دێت. منیش هیچم پێنەما ئەوە نەبێ کە وتم با دەستێکی منداڵەکەی بۆ فڕێ بدەم تا ئەو ئەخوا و بەوەوە خەریک ئەبێ، بەڵکوو خودا دەورێک بکاتەوە، ئەوە بوو تارمایییەکە پاش بەینێک دیسان دەستی کردەوە بە هاتن، ئەمجا قاچێکی منداڵەکەم بۆ فڕێ دا، بەڵام بەتەواوی دانی ژیانم داکەند و ئیتر هیچ هیوایەکم نەما. پاش ئەوە، ئەوە بوو تۆ هاتیتە دەنگ، دەنگەکەتم ناسی و وەکوو فریشتەی ڕەحمەت گەیشتی بە سەرما.

حەمەدێش وردە وردە بەوپەڕی سەرسامییەوە گوێی بۆ ئەم قسانە ڕاگرتبوو، لە لایەکەوە لە چەرخی ڕۆژگار و لە لایەکەوە لە ئازاییی ئەم خوشکە و قارەمانییەکەی هەر وا تف لە دەمیا وشک ببوو! پاش ئەمانە ناوچەوانی خوشکی خۆی ماچ کرد و فرمێسکەکانی سڕییەوە و وتی: خوشکم با بڕۆین وردە پارچەی تەرمی منداڵەکەیان کۆکردەوە، خستیانە چارۆکەیەکەوە. حەمەدێ دای بە شانیا و دەستەسڕەکەی لەوێ دانا و گەڕانەوە ڕووەو ئاواییی گرگاشێ. حەمەدێ بەسێی خوشکی بردەوە بۆ ماڵەوە و خۆی چوو بۆ دیوەخانی میر (دیوەخانی مەمەند ئاغا)، تەماشای کرد دیوەخان هێشتا تێک نەچووە و خەڵکەکە لە گەرمەی قسەدان. یەکێ ئەڵێ: حەمەدێ سەری تیاچوو. یەکێ ئەڵێ: ئەشکەوتی سەرشان لە باوان و باپیرمان بیستووە خێوی هەیە. حەمەدێ دەستی خێو کاری تێکرد و تازە ئێمە چاومان بە حەمەدێی زیندوو ناکەوێتەوە. ئەوا لە کەیەوە ها ڕۆیشتووە بۆچ دیار نەبوو ئەوا بەیانە! هەر یەکە قسەیەک ئەکەن و مەمەند ئاغاش پەژارە دایگرتووە کە بوو بە هۆی تیاچوونی حەمەدێ.

لەم کاتەدا حەمەدێ کردی بە ژوورا و وتی: خوڵامی سەری ئاغامە و چوو دەستی مەمەند ئاغای ماچ کرد، خەڵکەکە کە چاویان بە حەمەدێ کەوتەوە، بە جارێ گەشانەوە، بەڵام حەمەدێ ڕەنگ لە ڕوویا نەماوە! ئاغا لێی پرسی، حەمەدێ چ باسە قسە بکە؟! حەمەدێ ئەوی چاوی پێکەوت و بەسەر خۆی و خوشکی هاتبوو، هەمووی گێڕایەوە. میر و ئەهلی دیوەخان لەم کارەساتە ترسێنەرە و لەم ڕێکەوتە سەیرە، هەموو بە جارێ کەوتنە دەریای سەرسامییەوە!

بەیانی میر خۆی و چەند سوارێک چوونە ئەشکەوتەکە، سەیریان کرد تەرمی هەتیوەکە لەوێ کەوتووە و دەستەسڕەکەش لەو لاوە دانراوە، هاتنەوە. پێش هەموو شتێک میر کچەکەی خۆی لە حەمەدێ مارە کرد و ئینجا بەسێی هێنا بە چاوێکی باوکانەوە سەری بەسێی ماچ کرد و تەرمی منداڵەکەیان ناشت و گەلێ دڵنەواییی بەسێی کرد و وتی: کچم! منداڵ ئەبێتەوە، بەڵام ئەم قارەمانییەی تۆ سەری هەموو ئافرەتێکی بەرز کردەوە و لایەقی بە قارەمانیی ئافرەتان!