قازیی گاوانی کەوتە سەودای دروستکردنی خانوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  739 بینین

قازیی گاوانی، کەوتە سەودای دروستکردنی خانوویەک. کابرایەکی بەننای هێنا بۆ ئەوەی بزانێ چەندی تێ ئەچێ. کابرا عەرزی کرد: قوربان من بە دوو سەد و پەنجا قڕان خانوویەکت بۆ دروست ئەکەم، کۆشکەکەی خان ئەحمەد خانیشی نەگاتێ! قازی وتی: وەستا نەورۆز پیاوی چاک بە، من دەرامەتێکی وام نییە کۆشکی خان ئەحمەد خانم ناوێ، شتێکی وا خۆم و منداڵەکانم ستاری تیا بگرین بەسمە، سەرم مەکە بە پەتەوە! وەستا وتی: قوربان تۆ چی ئەفەرمووی؟ ئەوی من عەرزت ئەکەم دوو سەد و پەنجا قڕانیشی لێ زیادە و تاقانە کۆشکیش ئەبێ لەم شارەدا. قازیی ئەفەنی وتی: وەستا نەورۆز، دوو سەد و پەنجا قڕان نا، من پێنج سەد قڕانم هەیە، ئەوە پێنج سەد قڕانەکە و چوار دیوارێکم بۆ پێکەوە بنێ!

وەستا وتی: قوربان تۆ ئیتر کارت نەبێ. پێنج سەد قڕانی وەرگرت و ڕۆیشت. کرێکار و پاچ و خاکەنازی نارد و بناغەی نیمچە خانوویەکیان دایەوە. بناغە هێشتا نەگەیشتبووە سەر، پارە نەما و هاتەوە بۆ خزمەت قازی، وتی: قوربان پارە نەما! قازی ناوکی کەوت، وتی: وەستا تۆ ئەو وەختە کۆشکی خان ئەحمەد خانت بە دوو سەد و پەنجا قڕان بۆ دروست ئەکردم، کەچی ئێستا بە پێنج سەد قڕان خانوویەکی ئەحەی جاویدت بۆ دروست کردووم و هێشتا هەر لە بناغەشدایە؟! وەستا فەرمووی: قوربان خۆ من پارەکەتم نەخستۆتە گیرفانم، هەر لە خانووەکەی خۆتا خەرجم کردووە.

ناچار قازییە فەنی - ئەوا پێوە بووە - شتومەکی ناو ماڵەکەی فرۆشت، ئەویشی دا بە وەستا نەورۆز! وەستا بەینێکی تر هاتەوە بۆ پارە! قازی ئەمجا خشڵ و لاگیرەی خێزانەکەی فرۆشت و ئەویشی دایە! پاش چەند ڕۆژ ڕۆژێکی تر وەستا هاتەوە بۆ پارە و خانوویشی هێشتا چوار دیوارەکەی سەر نەکەوتووە! ئەمجا قازیی ئەفەنی کەوتە قەرزوقۆڵە لە دۆست و ناسراو ئەویشی دایە. خانوو هەر تەواو نەبوو. کەوتە فرۆشتنی کەوچک و تەنەکە شکاو و تەڵەمشکی ناوماڵ ئەویشی دایە، هەر تەواو نەبوو. ئیتر هیچی بە دەستەوە نەما!

لە مایەی دنیا چوار کتێبی مابوو هەستا بردیە بازاڕ ئەوانیشی فرۆشت و چوونە ناو ئاسنگەرەکان، تەشوێیەک و خاکەنازێکی بچکۆلە و بەکرەیەکی بەننایی کڕی و ئەمانەی برد بۆ مەحکەمە. لەوێ بانگی فەڕاشەکەی خۆی کرد، وتی: وەرە ڕۆڵە ئەو قورئانە هەڵگرە لەوێ. فەڕاش قورئانی هەڵگرت و ئەمیش تەشوێ و شتەکەی لە شوێنی دانا.

ئەمجا هەر کەسە ئەهات بۆ مەحکەمە بۆ شەرعکردن، ئەگەر شەرع سوێندی بەر ئەو بخستایە، قازی ڕووی تێ ئەکرد و دەستی بۆ شتومەکەکان ڕائەکێشا و پێی ئەوت بڵێ: تا ئەو شتومەکانە بکەوێتە ماڵمەوە ئەم ئیشەم نەکردووە، وەیا ئەم پارەیەم لا نییە!