لەو کوردەوارییە کە باران نابارێ هەندێ شت...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1100 بینین

لەو کوردەوارییە کە باران نابارێ هەندی شتی سەیر ئەکرێ؛ لە هەندێ شوێنا دێنن ناوی «چل کەچەڵ» ئەنووسن، ئەیکەن بەسەر لقەدارێکەوە یا لە شوێنێکی ترا هەڵیئەواسن تا باران ئەبارێ و ئاوی بارانەکە ئەیشواتەوە.

لە هەندێ شوێنی ترا سەیر ئەکەن کێ بە پێی ئەو شوێنە پیاوچاکە و بە پیاوێکی بەدین بەناوبانگە خۆیانی لێ مەڵاس ئەدەن و کتوپڕ ئەیگرن و ئەیخەنە حەوزەوە، ئیتر باران ئەبارێ.

لە هەندێ شوێنی ترا منداڵان دێنن پارچە پەڕۆیەکی گەورە ئەبەستن بە سەر دارێکەوە و ئەیکەن وەکوو بەیداخ و پێی ئەڵێن «بووکە بەبارانێ»، یەکێکیان هەڵیئەگرێ و ئەوانی تر شوێنی ئەکەون و ڕوو ئەکەنە ماڵان. هەر کە چوونە حەوشەکەوە هەموو بە جارێ ئەڵێن:

هەناران و مەناران
یاخوا داکاتە باران
با دەنگی بێتە گوێمان
لە گرمەگرمی هەوران

ئینجا کچە عازەبی ئەو ماڵە یا تازەبووک دێتە دەرەوە، دەرزییەکی سنجاق ئەکا بە بەیداخەکەدا و تۆزێ ئاویش ئەپرژێنێتەوە سەر پەیداخەکە و شتێکیش ئەدەن بە منداڵەکان، ئەمانە بەم جۆرە بە ماڵەکانا ئەسووڕێتەوە تا بەتەواوی بەیداخەکە لە ئاوی پرژەی ماڵان تەڕ ئەبێ و وەکوو لە حەوزت هەڵکێشابێ وای لێ دێ. بە زووترین وەخت ئەم منداڵانە هێشتا بەتەواوی لە ئیشی خۆیان نابنەوە کە دائەکاتە باران. لەبەر باران شپرزە ئەبن، یا هەموویان خۆیان ئەکوتنە شوێنێ یا بڵاوەی لێ ئەکەن. پاشان کۆ ئەبنەوە دەرزییەکان لە «بووکە بەبارانێ»کە ئەکەنەوە، کچە عازەب و ژنان هەریەکە ئەم دەرزییانەیان بە پارەیەکی زیاد بە نیازی مراز لێ ئەکڕن و بەم دەرزییانە ئەڵێن، «دەرزیی مراز» و نرخێکی زۆری هەیە لەبەر چاویان.