فایەق بێکەس لە تەوێڵە موعەلیمی مەکتەب...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1163 بینین

فایەق بێکەس لە «تەوێڵە» موعەلیمی مەکتەب ئەبێ، کاربەدەستانی ئەوێ لەگەڵ هینەکانی سنووری ئێرانا هەموو جار هاتووچۆی یەکیان ئەکرد و ناسراوی لە بەینیانا هەبوو. جارێک قۆمیسەرێکی تازە هاتبووە نوختەکەی ئەوبەری تەوێڵەوە، بەشی ئێران. فایەق بێکەسیش کاربەدەستە هەرە گەورەکانی تەوێڵە کۆ ئەکاتەوە؛ وەکوو مامۆستای قوتابخانە و مەعمووری ئێستهلاکت و کاتبی بەلەدیە و باشچاوش و ئەمانە. وەڵام ئەنێرێ بۆ نوختەکەی ئێران کە ئەم کاربەدەستە گەورانە دێن بۆ بە خێر هاتنی ئەو قۆمیسەرە تازەیە! ئەوانیش کاربەدەستە گەورەکانی خۆیان - وەکوو پۆلیس و قایشێ لە ژوور پۆلیسەوە و ئەمنیە و قۆمیسەر - هەموو کۆ ئەبنەوە و چاوەڕێی هاتنی ئەمانە ئەکەن.

دەستەی ئەملا کۆ ئەبنەوە و ئەڕۆن.

فایەق ئەڵێ؛ ئێوە هیچتان دەنگ مەکەن، من بەم قۆمیسەرە تازەتان ئەناسێنم. کە ئەگەنە لای ئەوان، ئەوانیش هەموو بەرزەپێ ڕاست ئەبنەوە و بە جۆری عەسکەری ڕائەوەستن، فایەق خۆی لە پێشا ئەچێ و دەست ئەخاتە ناو دەست قۆمیسەرەکە و پێی ئەڵێ: خۆمت پێ ئەناسێنم «مفلس الدولەی اعوری». ئەمە ئەڵێ و لە تەنیشتییەوە ئەویش وەکوو عەسکەر ڕائەوەستێ.

پاش ئەوە «ڕ. ا» ئەڕواتە پێشەوە، فایەق ئەڵێ: پێشکەشت ئەکەم ئەم زاتە، «نێرەکەر و سەڵتەنەی مەترەقی». پاش ئەو یەکێکی تر ئەڕوا، ئەڵێ: ئەم زاتەش «متعقل خانی کەربابی پاش ئەو «ش. ج» ئەچێتە پێشەوە، ئەڵێ: ئەمەش«مێبازوڵڵا خانی ئەعرەجی». پاش ئەو «ت. ر» ئەچێتە پێشەوە، ئەڵێ: ئەمەش «سیفە الدولەی سەرخۆشی». پاش ئەو «ش. ن. س» ئەچێتە پێشەوە، ئەڵێ: ئەو زاتەش «پێکەڵڵا خانی شاربی». پاش ئەو «ج. ش» ئەچێتە پێشەوە، ئەڵێ: ئەمەش «مطیع الممالکی هەڵەوەڕی». پاشان «م. ق» ئەچێتە پێشەوە، ئەڵێ: ئەمەش «ڕەقەل الانجمەنی بێهێزی». پاش ئەو «ح. ش» ئەچێت، ئەڵێ: ئەم زاتەش «ورگ الملکی ئاوسی». پاش ئەو «ع. ع» ئەچێت، ئەڵێ: ئەم ئاغایەش «شەکەنێر و لهمومایونی خڕنووکی».

بەم جۆرە هاوڕێکانی خۆشی پێشکەش ئەکا. کابراش لەم ئەلقابانە سەری سوڕ ئەمێنێ و ئەمانیش لە دڵا لە کوڵی پێکەنینان و دەنگ ناکەن؛ پاشان لێک ئاشکرا ئەبن و ئەبێ بە بەزمی پێکەنین و هەرا.