پادشایەک کچێکی نازداری هەبوو نەخۆش کەوت...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  808 بینین

پادشایەک کچێکی نازداری هەبوو نەخۆش کەوت، پادشا وتی: هەر پزیشکێک هات بۆ چاککردنەوەی، نابێ کچەکەی چاو پێ بکەوێ، ئەگەر چاکیشی نەکردەوە و نەیزانی چییەتی، لەسەری ئەدەم. لەبەر ئەم مەرجە، هیچ پزیشکێک نەیوێرا بێتە سەر کچە، تا ڕۆژێک پزیشکێک هات، وتی: کچەکە لە ژوورێکی تر و منیش لە ژوورێکی تر بم. تاڵە دەزوویەک ببەستن بە دەستییەوە و منیش لەم لاوە سەری دەزووەکە بگرم، ئەو وەختە بۆم دەرئەکەوێ نەخۆشییەکەی و پێتان ئەڵێم؛ ئەگەر بەم جۆرە پادشا ئەیەوێ دێم.

پاشا وتی: باشە من بەم جۆرە ئەمەوێ، بەڵام هات بۆ ئەوەی پزیشکەکە تاقی بکاتەوە، وتی: بە جۆرێ کە پزیشکەکە ئاگای لێ نەبێ سەری دەزووەکە لەباتی ئەوەی ببەستن بە دەستی کچەکەوە، بیبەستن بە دەستی پشیلەیەکی نەخۆشەوە، بزانن ئەم پزیشکە ئەڵێ چی؟

هاتن وەکوو پادشا وتی، وایان کرد و سەری دەزووەکەیان هێنا لە ژوورەکەی تر دایان بە دەستی پزیشکەکەوە. پزیشکەکە سەری دەزووی گرت، تۆزێ سەرسامی گرتی. پادشا وتی: بۆچ وا سەرسام بوویت؟ وتی: «پادشاهم زۆر سەرم سووڕ ئەمێنێ، سەیر ئەکەم ئەم نەخۆشە گۆشتی مشکی بۆ باشە و بەوە چاک ئەبێتەوە». پادشا هەستا و ناوچاوانی ماچ کرد، وتی: ڕاستە پزیشکیت و کارەساتەکەی بۆ گێڕایەوە.

وتی: ئەمەش بۆ ئەوە وام کرد، چونکە لە پێشا گەلێ پزیشکم هێنابووە سەر ئەم کچە، هەر کە ئەهاتە سەری لێی ئەپرسی تۆ چیتە؟ ئەویش لەبەر ئەوە بە تەواوی دەردەکەی خۆی نەئەزانی، ئەچوو شتێکی ئەوت کە لای وابوو ئەوەیە، ئەوەش نەبوو. پزیشکەکە دەرمانی ئەو دەردەی ئەدایە، ئەویش لە ڕاستیدا ئەو دەردەی نەبوو، دەرمانەکە زیانی بۆی ئەبوو، تا وای لێ هات بە تەواوی کەنفت بوو. ئیتر منیش وتم ئەبێ پزیشک خۆی بزانێ دەردی نەخۆش چییە. کە دەردی زانی، دەرمان ئاسانە.؟نەخۆش کە خۆی بزانێ چ دەردێکییەتی، ئەتوانێ خۆیشی دەرمان بکا.