کابرایەکی بانەیی لەسەر ئاوی کەڵوێ لە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  824 بینین

کابرایەکی بانەیی لەسەر ئاوی «کەڵوێ» لە چلەی هاوینا مەلەی ئەکرد. مەلایەک چاوی لێ بوو، سەیری کرد ئەم کابرایە دەزوویەکی گرێ - گرێیاوی پێیە، هەر جارێک کە خۆی هەڵئەقوڵتێنێ لە ناو ئاوەکە، یەکێ لە گرێیەکان ئەکاتەوە. مەلا لێی پرسی: برا ئەوە بۆچ وا ئەکەی؟ وتی: «مامۆستا بە زستان هەر جارە کە چوومەتە لای ژنەکەم هەر لەباتی یەکێک گرێیەکم داوە لەم دەزووە. ئاوەکەمان زۆر سارد بوو، نەمئەتوانی مەلە بکەم، نوێژەکانیشم هیچ نەچواندووە، ئێستا هەر لەباتی گرێیەک جارێک خۆم ئەکەم بە ئاوەکەدا و وسڵی خۆم دەرئەکەم تا گرێیەکان تەواو ئەبن».