سەیر کردنێک

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  853 بینین

زمانی کوردی ئەگەر لە ساماندارترین بەشە زمانەکانی «ئاری» نەبێ، یەکێکی هەرە دەوڵەمەندە لەو زمانانە تاک تاکی شێوەکانی و بەندبەندی لقەکانی خۆی بۆ خۆی گەواهی ئەو داواکردنە ئەدا.

کە واتە ئەبێ ئێمە لەسەر ئەو باوەڕە بین کە زمانەکەمان زمانێکی فراوانە. تا ئێستا ئەگەر نازێکی نەکێشرابێ لەبەر بێ نازی ئەو قەومە بووە کە زمانەکەی وەکوو ملوانکەی مرواری کەوتۆتە ژێر خاک و خۆڵی بێکەسییەوە! تا ئەم دەورەیە وا بووە، ئومێد ئەکەم لە ئێستا بە دواوە بە پشتیوانی کوڕانی دایکی نیشتمانی خاکی کوردەوە، ئیتر بەهۆی تیشکی زانین و نووسینەوە، لە چاڵی بێ خزمەتی بهێنرێتە دەرەوە و بکەوێتە ئاسمانی بەرزی و لە ڕووناکی ئەو، کورد و نیشتمانی کوردی پێ دەرکەوێ.

من بۆ دانان و ڕێکخستنی ئەم کتێبە گەلێ شوێن گەڕام و هەڵسووکەوتم لەگەڵ گەلێ کەسی سادە و بەرزا کرد. لە بەری ئەم فەرمانەم ئەوەم دەست کەوت کە کۆمەڵە ئەدەبێکی لە وشەی کوردی پەتیم بۆ هاتە ئەنجام، لەمەوە ئەگەر کتێبێکی وەها نەبووایە، ئەو وشانە نەئەچوونە ناو خەزنەی سامانی مانەوەی زمانی کوردی و لەوانە بوو هەروا بەرەبەرە بۆ خۆیان لە ئاخرا ئەپووکانەوە.

منەتباری هەستە شیرینەکەی «حەمەبەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ» و «حاجی تۆفێق بەگی پیرەمێردم»؛ پیرەمێرد چ بە زمانی خۆی و چ بە گاڵتە و گەپەکەی سەرچاوەیەک بوو بۆ ئەم کتێبە. حەمەبەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ بە زمانە پاراوەکەی و بە قەڵەمە ڕەوانەکەی لە نوکات و سەرگوزەشتی کوردیدا جێگەی خۆی لە ڕیزی هەرە پێشەوەی ئەدیبە گەورەکانی کوردا تەرخان کردبوو. لە بەرگی دووهەمی ئەم کتێبەدا سەرگوزەشتەی ژیانی ئەخرێتە ڕیزی ناودارانەوە.

عەلائەددین سەجادی

٢٦٥٧/١/٥ کوردی

٣ جماد الثاني ١٣٧٦ هجریعەرەبی