کابرایەک چووە گوندێک. بوو بە میوانی پیاو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  821 بینین

کابرایەک چووە گوندێک. بوو بە میوانی پیاوێکی کورد، چوار پێنج شەوی پێ چوو خانەخوێکە هیچ دەنگی نەکرد. لە پاشا لێی پرسی: برا تۆ چیت؟ وتی: من خوشکەزای خوام! دەستی کرد بە خزمەتکردنی و دە پانزە شەوێکی دی مایەوە، کابرا وەڕەس بوو، شەوێک نوستبوو هەڵسا باوەشی پیاکرد و بردی فڕێی دایە سەر حەسیرە شڕی مزگەوتەکەیانەوە! کابرا خەبەری بۆوە خۆی لە شوێنێکی سەیرا چاوپێکەوت! پرسی: ئەمە چییە؟ کابرای خانەخوێ خێرا هەڵیدایە و وتی: برا، زیاتر لە بیست شەو لە ماڵی منا بوویت، با شەوێکیش لە ماڵی خاڵتا بیت!