کابرایەکی شاری هەبوو، دڵی چووبوو لە ژنێک...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 8 خولەک  910 بینین

کابرایەکی شاری هەبوو، دڵی چووبوو لە ژنێک، ئارامی لێ هەڵگیرابوو، سەودای ئافرەت وای لێ کردبوو لە کارو کاسبی کردبوو، نە خەوی هەبوو نە خواردن، زەرد و لاواز و بێ تین ببوو، ئیش و کاری هاتبووە سەر ئەوە لە بەیانییەوە تا ئێوارێ لەو کۆڵانەدا کە ماڵی ئافرەتەکەی لێ بوو، ڕووی ئەکردە کۆشکی ژنە و بەبێ دەنگ و سەنگ ئەوەستا و هیچی تر. ڕۆژێک پیرێژنێکی پووت - سپی پشت کۆماوە، بەوێدا ئەڕوا، چاوی بە کوڕە ئەکەوێ، بۆی دەر ئەکەوێ کە ئەمە تیری نازی چاو کاڵێک کاری تێ کردووە. لێی ئەپرسێ کوڕی پووری خۆت ئەوە چی ئەکەی لێرە؟

کوڕە بە هەزار حاڵ دێتە زمان و ئەڵێ: پوورێ وازم لێ بێنە و بچۆ بە ڕێی خۆتەوە. ئەڵێ: کوڕم ڕازی دڵی خۆت بە پووری خۆت بڵێ، چارت ئەکەم. کوڕەهەناسەیەکی پیا دێتەوە و ئەڵێ پوورێ گیان ئەوەی ڕاستی بێ چاوی گەشی چاو کاڵێک بەم دەردەی بردووم. ئەڵێ: ڕۆڵەم کامەتە ماڵەکەی؟ و ئەڵێ پوورێ گیان ئا ئەوەتە کەوا سەری بردووە باعاسمانا. ئەڵێ: چی ئەدەی بە پووری خۆت بە مورادی خۆتت بگەیەنێ. ئەڵێ: پوورێ بێجگە لە ماڵی دنیا ئەوا گیانیشمت لە بەر دەستایە.

ئەڵێ: ڕۆڵە لە ئیمڕۆوە تا پێنج ڕۆژی تر پووری خۆت ئەو ئافرەتەت بۆ دێنێتە ماڵی خۆی، لە ڕۆژی پێنجەما و لە فڵان سەعات و لە فڵان دەقیقە دا تۆش لەسەر کۆڵانەکەی ئێمە ڕاوەستە دێم بە شوێنتا ئەتبەمە ماڵەوە و بە ئارەزووی خۆت لە گەڵی گەمە بکە. ئەوەی منیش ئەمەوێ لە تۆ تەنها مەنێ «پەتک» ە. کوڕە وتی: پوورێ گیان سەروماڵم هی تۆیە، پەتک چییە؟ وتی: لە پەتک زیاتر هیچم ناوێ. کوڕە وتی: پوورێ چۆن ئەڵێی وا ئەکەم. لەسەر ئەو قەوڵ و قەواڵە لێک جیا بوونەوە.

پوورێ ڕۆیشت لە پێشا «گوجیل - تووتەڵە» سەگێکی بچووکی پەیدا کرد و بردیە لای خۆی و گرتیە شیر و شەکر و کولێرە و ڕۆن و خواردنی خۆش. لەولاشەوە تەزبێحێکی دەنک گەورەی سەد دانەیی کردە ملی و سەرپۆشێکی سپی دابە سەریا و بە لەرزە لەرز دەم بە «سوبحانەڵڵا» وە هەستا چوو بۆ ماڵی ژنە، ژنەکە چاوی هەڵبڕی پیرێژنێکی نوورانی دەم بە تەسبیحاتەوەی هاتە بەرچاو، هەستا و چوو بە پیرییەوە بە خێرهاتنی کرد و داینا. پیرێژن لەبەر زیکر و فیکر پێی نەئەکرا قسە بکا. تۆزێ قسەی دین و دیانەتی لەگەڵ ژنە کرد و هەستا ڕۆیشتەوە.

تا چوار ڕۆژ بەم جۆرە هات و چوی ژنەی ئەکرد ورلەولاشەوە ئەوەندەی هێلکە و ڕۆن و کولێرە و ڕۆن دابوو بە تووتکەکە بە تەواوی خرپنە ببوو، لە ناکاو هێنای خواردنی لێ بڕییەوە و هیچی نەدایە. شەو و ڕۆژێ بەم جۆرە گوجیلەکەی بێ خواردن هێشتەوە، گوجیلەی بەستە زمان لە برسانا نووزەی ئەچوو بە عاسمان ئینجا لە ئاخری شەو و ڕۆژەدا ناو ساجییەکی بۆ دروست کرد و پڕی کرد لە ئاڵەت و دەل وبیبەر و خوێ، ناوساجی لەبەر دەم تووتەڵەدا دانا.

تووتەڵە لەبەر برسێتی نەی پرژایە سەر توون و تیژی ناوساجییەوە و هەمووی خوارد. کە لێ بۆوە لە پاش تۆزێک لەبەر تیژی و سوێری ناوساجی خوڕخوڕ ئاو بە چاوی تووتەڵە سەگا ئەهاتە خوارەوە! ئینجا پیرێژن تووتەڵەی خستە شوێن خۆی و چوو بۆ ماڵی ژنەکە. لەلای ژنەوە دانیشت و دەستی کرد بە تەسبیحات کردن و تووتەڵەکەش لە بەردەمیا کەوت و وا هەر ئاویش بە چاویا دێتە خوارەوە!

کە ژنە چاوی بەم گوجیلەیە کەوت وا بەو جۆرە ئاو بە چاویا دێتە خوارەوە، پرسی: ئەرێ داپیرە توخوا ئەو تووتەڵەسەگە بۆچ ئەگری؟ پیرێژن وتی: ئەی ڕۆ ڕۆڵە مەڵێ تووتەڵەسەگ! ئۆف لەدەست ستەم و خراپەی پیاو! ژنە دەڵێ داخورپاو وتی: بۆ چی داپیرە چی بووە! پیرێژن بە هێواشی سەری بردە بن گوێچکەی ژنەکەوە - گۆیا بۆ ئەوە تووتەڵەکە نەیبیەت! وتی: ڕۆڵە ئا ئەمە کوا ئێستا تۆ ئەیبینیت، کچێکی جوانی شۆخ و شەنگە پاڵانە و نەمامێک بوو گەلێک لەو ڕوومەتە نازک و نازدارەی تۆ جوانتر بوو. - ژنە تۆزێ چووە پێشەوە - پیاوێکی ستەمکار دڵی لێ چوو، ئەویش بە هیچ جۆر دڵی خۆی نەدایە، لە ئاخرا پیاوەکە چووە لای جادووگەر جادوویەکی لێ کرد و خستیە پێسی ئەم تووتەڵە سەگەوە! ئەوا ئێستا ئەبینی لە داخ و دەردا بوو خۆی ئیش و کاری بووە بە گریان و زاری! ئەگینا کچی خۆم ئەمە وەنە بێ گوجیل بێ، بەڵام چی ئەکەی لە ستەمی پیاو؟!

ژنە، کە گوێی لەم قسانە بوو، وتی: ئەی ڕۆ! داپیرە بە قوربانت بم چیم لێ ئەکەی؟ خۆ منیش پیاوێک دڵی لێم چووە و هەموو ڕۆژێک ئەهات ڕووبەڕووی ماڵەکەمان ئەوەستا، بەڵام ئەمە چوار پێنج ڕۆژە نایبینم ئەترسم ئەویش چووبێ جادوولە من بکا.

پیرێژن وتی: ئەی ڕۆ ڕۆڵە! لە دەورت گەڕێم جوان و جەحێڵی، خوا هەڵناگرێ وات بەسەر بێ، جا بۆ وات کردووە؟ بە قورعان ئەوە ئەویش چووە جادوو لە تۆ بکا، ئەی هەناسەی ساردم ڕۆڵە بۆ جوانیت! ژنە ئەوەندەی تر ئاگری تێ بەر بوو، وتی: داپیرە بە قوربانت بم چیم لێ ئەکەی؟ چارم بکە.

پیرێژن تۆزێ سەری داخست و سەری بەرز کردەوە وتی: ڕۆڵە بەزەییم بە جوانیتا دێتەوە، ناونیشانی ئەو پیاوەم بەرێ، بزانم بەڵکوو بچم بیدۆزمەوە و نەیەڵم جادووەکە بکا بۆتی بێنم، بەڵام چی ئەکەی بە خەڵاتی داپیرەی خۆت؟ ژنە وتی: داپیرە گیان سەروماڵم هی تۆیە، چیت ئەوێ ئەتدەمێ هەر بەو مەرجەی ڕزگارم کەی! پیرێژن وتی: ڕۆڵە هیچم ناوێ تەنها مەنێ «پەتک» نەبێ! ژنە وتی: ئەی ڕۆ پوورێ گیان مەنێ پەتک چییە؟ من ئەڵێم سەروماڵم هی تۆیە. وتی: لە مەنێ پەتک زیاتر هیچم ناوێ.

بەم جۆرە ڕێکەوتن و ئینجا بە ژنەی وت: ماڵەکەی ئێوە جەنجاڵە هەستە بچینە کۆڵانە شڕەکەی من، هەر ئێستا پیاوەکەت بۆ ئەدۆزمەوە و بۆت دەهێنم. ژنەکەش وتی: جا خۆ پوورێ گیان مێردەکەم بە کاروان چووە، کەسی تریشمان لە ماڵا نییە. وتی: نا هەر ماڵەکەی ئێمە باشترە، بەڵام ئەبێ بێ دڵی نەکەی!

ژنە جلی جوانی لەبەر کرد و خۆی تاسولووس دا و هەستا شوێن پیرێژن کەوت و چوون بۆ ماڵی ئەوان و ژنەی لە ژوورەوە دانا و خۆی چوو بە شوێن کوڕەکەدا. ئەوا ئەو وەخت و سەعاتەش هاتە پێشەوە کە لەگەڵ پیاوەکە بەستبووی! کە ئەچێتە دەرەوە هەر چەندە ئەم لا ئەکا و ئەو لا ئەکا کابرا دیار نییە. نازانێ عەرز قووتی دا یا عاسمان هەڵی کێشا! ئێستا و ئەوساش بەرچاوی نەکەوت و نەیدۆزییەوە! خەمی مەنە پەتکی ژنەکەی لێ هات کە لە کیسی ئەچێ! لەو کاتەدا سیری کرد وا پیاوێکی تۆزاوی شاڵ و پیتاوی پێچاوە لە دوورەوە هات، دیار بوو کە لە ڕێگەیەکی دوورەوە هاتبوو. چوو سەری ڕێی پێ گرت و وتی:

کاکە برا وادیارە لە ڕێگەیەکی دوورەوە هاتوویت و دەمێکە لە ماڵ و منداڵی خۆت بڕاوی، وەرە با بچینە ماڵی ئێمە نازک و نازدارێکی لێیە، نەیخۆی و نەیکەی هەر تەماشای سای گەردەنی کەی. ئەم نازدارە قەیرانێکی لەسەر بووە و قەیرانەکەی تێپەڕ بووە، ئێستا نەزری کردووە یەکەم کەسێ کە لە دەرەوە هاتە ناو شارەوە چەند سەعاتێک لەگەڵی ڕابوێرێ. ئەوا تۆ یەکەم کەس بوویت هاتیت ئەم هەلە لە دەس خۆت مەدە! ئەوەندەی بۆ ڕست تا پیاوەکەی بۆ هەڵخڵەتاند و لەگەڵ خۆی هێنایە ماڵەوە!

کە چوونە ژوورەوە لەو لاشەوە ئافرەت بە تەمای شتێکی ترە! سەری بەرز کردەوە زۆر جوان ورد بۆوە و تەماشای کرد ئەمە مێردەکەی خۆیەتی! قیژاندی و هاواری کرد وتی: ئای خەڵکینە ئەم مێردەی من بەنەوخوێن - پیسی ئەکا و بە شوێن ئیشی خراپا ئەسووڕێتەوە ئەوا بۆم دەر کەوت کە هەر شتێکم بیستووە ڕاستە! پیاوەش کە سەیری کرد ئەمە ژنەی خۆیەتی واقی وڕما. وتی: ئافرەت! ئافرەتی چاک بە، ئەوە تۆ ئەڵێی چی؟ ئافرەت وتی: خوا یەکە و نەبووە بە دوو من تۆم ناوێ، تۆ پیاوێکی خراپی، خەڵکی هەر بە منیان ئەوت مێردەکەت بە شوێن شتی خراپا ئەسووڕێتەوە من بڕوام نەئەکرد، هەتا ئێستا زانیم تۆ دێیتەوە، هاتمە ئێرە و وتم ئەبێ ئەم مێردەی خۆم تاقی بکەمەوە، ئەم پیرێژنێم ناردە سەر ڕیت، ئەوا تۆش جوان و پوخت شوێنی کەوتیت و هاتیت، دیارە لە ئیشی خراپ ئەگەڕێیت، ئەگینا ئیشت چییە دێیتە ئەم شوینە. ئەوا من بە چاوی خۆم چاوم پێت کەوت و تاقیتم کردەوە، من مێردێ کە لە شوێن شتی خراپا بسووڕێتەوە نامەوێ! کابرای هەناسە سارد هەر خواخوای ئەوەی بوو ژنەکەی بێ دەنگ بێ و حەیای نەچێ، بە هەزار ناڵی عەلی کا، تا ڕێکی خستەوە.