کابرایەکی کورد ژنێکی ناهەمواری هەبوو بە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 7 خولەک  1171 بینین

کابرایەکی کورد ژنێکی ناهەمواری هەبوو بە دەستیەوە هاتبووە تەنگ، بێ وێڵی و بێ عەقڵی ئەو ژنە دنیای داگرتبوو، کابرای مێردی بە دەستیەوە تووشی دیق و زیق هاتبوو هیچ چارێکی نەدییەوە تەنها ئەوە نەبێ سەری خۆی هەڵگرێ و ڕوو بکاتە وڵاتان.

ڕۆژێک پێی وت: ئافرەت، خۆ تۆ دنیات لە من هێنایە تەنگ سەرت لە من تێک داوە، نازانم هەموو ژنێ وایە یا هەر تۆ تاقە ژنی؟! ئەوا ئەڕۆم، یا ئەمەتە جارێکی تر نایەمەوە، یا ئەمەتە ئەم مەراقەم لە دڵ دەر ئەچێ. ئەمەی وت و لێی دا ڕۆیشت!

چەند ڕۆژێک بەبێ وچان دەشتی گرتە بەر. ڕۆژێک گەرمای نیوەڕۆ بوو، تووشی کانی و سەراوێک هات، دارگوێزێکی بە سەرەوە بوو، هیلاک و ماندوو، برسی و تینوو ئاگای لە دنیا نەبوو، لە سەر کانییەکە سەری کردە سەر بەردێک و لێی نووست. ئەم کانییەش کانی ژنان بوو. زۆری پێ نەچوو دەستە ژنێک بە گۆزە و کونەوە هاتن بۆ ئاو، کابرا لە دەنگەدەنگی ئەوان خەبەری بوەوە. یەکێک لە ژنەکان وتی: هەی ڕۆ! ئەو پیاوە وادیارە غەریبە وا لێرە کەوتووە. کابرا سەری ڕاست کردەوە و زۆر تووڕە بوو لەوە کە ژن لێرەش نایەڵن تۆزێ بحەسێتەوە!

ژنەکە هات بە لایەوە وتی: کاکە برا! ڕەنگە غەریب بیت وا لێرە کەوتوویت، توخوا لە کوێوە هاتوویت؟ کابراش لە داخی خۆی وتی: ئەرێ وەڵڵا خۆشکم غەریبم لە جەحەنەمەوە تازە هاتووم! ژنە وتی: ئۆ! لە دەورت گەڕێم، توخوا برا هیچ ئاگات لە حەمەعەلی برام هەیە؟! وتی: هەی ڕۆ! بۆچ ئەوە برای تۆیە! ئەرێ وەڵڵا زۆر چاک ئاگام لێیە! لە بەیانییەوە تا ئێوارە لە ژێر لیس و دارا لێی ئەدەن و شڕیان کردووە! ژنە وتی: هەی ڕۆ بۆچ لێی ئەدەن؟ وتی: وەڵڵا نازانم ملیان گرتووە ئەڵێن هەزار قڕان قەرزاری، لەسەر ئەوە لێی ئەدەن، ئەویش نییەتی بیداتەوە وا ئەوە جەستەیەتی! ژنە دەستی کرد بە گریان و شین و شەپۆڕ و وتی: ئەی برا، خۆشکت کوێر بێ وا وات لێ ئەکەن.

ئینجا ڕووی کردە کابرا وتی: برا لە! وەقورانت وم تۆ ئەچیتەوە بۆ ئەوێ؟ وتی: ئەی چۆن؟ وتم با تۆزێ لێرە بحەسێمەوە و ئەو وەختە بڕۆم. ژنە وتی: وەقوروانت بم خۆ ئێستا هیچم پێ نییە تەنها ئەم بان سەر و لاگیرە و تاکە تارانییانەی سەرسەرم نەبێ، ئەویش نازانم چەندە، ئەگەر بتدەمێ بۆی ئەبەی؟ کابرا وتی: بۆی ئەبەم، بەڵام بی بژێرە بزانە چەندە ئەگەر هەزار قڕان پڕ نەکاتەوە کەڵکی نییە.

ژنە بەر بووە سەروپۆتەڵاکی خۆی هەمووی داڕنی و بژاردی، سەیری کرد هەمووی پێنج سەد قڕانە. بە کابرای وت: بە قوربانت بم ئەمە پێنج سەد قڕانە چیم لێ ئەکەی؟ کابرا وتی: قەیدی نییە بمدەرێ، من خۆم ئەبم بە زامنی پێنج سەد قڕانەکەی تر، ساڵێکی کە دێمەوە ئەم شوێنە، تۆ پێنج سەد قڕانەکەم بۆ بێنەوە! ژنەکە وتی: ئۆ لە دەورت گەڕێم بەسەر چاو، هەر کە هاتییەوە بۆ ئێرە پێنج سەد قڕانەکەی کەشت بۆ جێبەجێ ئەکەم. کابرا بارەوهەیاسە و لاگیرەی لە باخەڵی توند کرد و تێی تەقاند، بەڵام چۆن تێ تەقاندنێ.

ژنە بۆ خۆشی خۆشی گەڕایەوە بۆ ماڵەوە کە برای لەدەس لێدان و شەڕە شەقی جەحەنەم ڕزگار کردووە کە چووەوە مێردەکەی سەیری کرد ژنە وەکوو مریشکی ئاوە ڕووت کراوی لێ هاتووە! وتی: ئەرێ کچێ ئەوا کوا تەوقە سەر و لاگیرە و تاکە تارانییەکانی سەر سەرت؟ وتی ئۆ پیاوەکە! ئێستا لەسەر کانی ژنان تووشی پیاوێک بووم لە جەحەنەمەوە هاتبوو، خەبەری حەمەعەلی برامم لێ پرسی. وتی: شەو و ڕۆژ لەوێ کەوتووە لێی ئەدەن لەسەر ئەوەی کە هەزار قڕان قەرزارە و نییەتی بیداتەوە، منیش هەموو تەوقسەر و لاگیرەکەی خۆمم دایە کە بۆی بەرێت و لەو لێدانە ڕزگاری بێت هینەکانی منیش تەواوی نەکرد، پێنج سەد قڕانی تری مایەوە - لەدەوری گەڕێم کوڕەکە کوردێکی نەجیم بوو - وتی: خۆم ئەبم بە زامنی پێنج سەد قڕانەکەی تری، ساڵێکی کە هاتمەوە بۆ ئێرە بمدەرەوە. پیاوەکە ئەمەی بیست، چووە تاسەوە وتی: ژنە خوا بتگرێ کەتنی وات نەدابێ؟ لە کوێوە ڕۆیشت؟ ئا، ئەو مایین و تفەنگەم بۆ بێنە.

کابرا سوار بوو بە چوار ناڵە کەوتە شوێن کابرا، لێرە ها لەوێ، لە دەرەوە لە نزیک ئاواییەک بە دی کرد و پێی لێ هەڵگرت کابرای تریش ئەیزانی ئەم کەتنە کە گێڕاویەتی هەروا بە هیچە بەسەر ناچێ، کەس و کاری ئەم ژنە هەر دێن بە شوێنیا، ئەویش چاک ئەڕۆیشت و جارجاریش لای ئەکردەوە بزانێ کەس بە شوێنیەوەیە. ئەو جارە لای کردەوە سەیری کرد وا سوارێک لە دوورەوە تۆز ئەکا، زانی کە ئەمە بە شوێن ئەوا ئەی کوتێ. کابرا خێرا خۆی کرد بە ئاواییەکەدا، تەماشای کرد وا پیاوێک لە پێی چاڵێکا دانیشتووە، جۆڵایی ئەکا ڕووی کردە جۆڵا و چوو بە لایەوە و وتی: مامەی جۆڵا چاوت لێیە ئەو سوارە لە دوورەوە چۆن بە تاو دێت؟ ئەوە زەفتییەی حوکمەتە ئەگەڕێ بۆ بەند و باو. تازە فەرمانێک دەرچووە بۆ زیاد کردنی سولووساتی حوکمەت، ئەوا هات بۆ لای تۆ گەزێکی پێیە هەر چەندە چاوت کردبێ ئەی پێوێ، لە هەموو گەزێکا دوو قڕان سولووساتی وحوکمەت زیاد ئەکا، منیش وا بۆ خوا خەبەرم دایتێ.

کابرای جۆڵا وتی: جا بە قوربانت بم من چی بکەم. من لەم کەسبەما نانی خۆمم دەس ناکەوێ چۆن ئەتوانم پێچەلانەیەکی وازۆریش بدەم؟ ئەویش وتی: ئیتر ئەوە خۆت ئەیزانی، من هەر ئەوەندە بوو خەبەرەکەم پێ دای، لەگەڵ ئەوەشا مادام تۆ ئەوەندە پیاوێکی هەژاری حەز ئەکەی هەڵسە بچۆرە ئەو ژوورەوە دانیشە، من کە هات ئەتوانم جوابی بدەمەوە و لە پێ چاڵەکەدا بۆی دائەنیشم.

کابرای جۆڵا هەڵسا چووە ژوورەوە، ئەمیش لە پێ چاڵەکە دانیشت. زۆری پێ نەچوو سوارەکە گەیشتە جێ. وتی: ئەرێ کابرای جۆڵا پیاوێکت نەدیوە هاتبێتە ئێرە؟ وتی: بەڵێ هاتووە وا لەو ژوورە دانیشتووە. کابرا لە ماینەکەی دابەزی و تفەنگەکەی دانا و چووە لای کابرای جۆڵا، هەر کە ئەو چووە ژوورەوە ئەم هەستا سواری ماینە بۆرە بوو، تفەنگەکەی کردە شانی وتێی تەقاند.

کابرا، کە چووە ژوورەوە وتی: ئەرێ کوڕە سەگباب ئەو لاگیرە و تەوقە سەرە و پارانەت بۆ لە ژنەکەم سەندووە؟ ئەویش وتی: قوربان بە سەری تۆ من ڕۆژی دوو گەز جاو ئەگەر دەر بکەم بەشی نانی خۆم ناکا ئێستا سولووساتی چیم لێ ئەستێنن؟ کابرا وتی: کوڕە گەزی چی و جاوی چی؟ من چیت پێ ئەڵێم و تۆ چیم جواب ئەدەیتەوە؟ وتی: قوربان هەر ئەوەیە. کە عەرزت ئەکەم ناتوانم باجی دوو گەز جاو بدەم. ئینجا کابرا تێ گەیشت کە ئەمە کابرای دەرەوە گوڵی لێ داوە خێرا دەر پەڕییە دەرەوە سەیری کرد، ماین و تفەنگەکەی نەماوە و کابرای پێچاڵیش دیار نییە.

هەرچەند بە شوێنیا گەڕا هیچ. ئیتر گۆلەگۆل: بە پێیان دەشتی گرتە بەر و گەڕایەوە ماڵەوە. ژنەکەی لێی پرسی: پیاوەکە ئەوە کوا ماین و تفەنگەکەت؟ وتی: وەڵڵا ژنەکە تووشی کابرا بووم و باسی حەمەعەلی براتی بۆ گێڕامەوە، منیش ماین و تفەنگەکەم دایە لەباتی پێنج سەد قڕانەکەی تر، با بچێ زوو ڕزگاری بێت.

کابرای تریش بە پێنج سەد قڕان و لاگیرە و تاکە تارانی و بە ماین و تفەنگێکەوە گەڕایەوە ماڵی خۆی و لەگەڵ ژنەکەیا ڕێکەوت. وتی: ژنەکە کڕنۆش بۆ کەریەتی تۆ ئەبەم کە ئەمانەت دەست خستم، خەمت نەبێ من بە هەڵەدا چووبووم تۆ چاکی هەموو ژنێکی.