کابرایەک هەبوو زۆر دڵی پیس بوو، هەر ژنێک...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  881 بینین

کابرایەک هەبوو زۆر دڵی پیس بوو، هەر ژنێکی ئەهێنا لە پاش چەند ڕۆژ کە چاوی پێ بکەوتایە لەگەڵ کەسێکی دراوسێ قسەی بکردایە، وە یا تەماشای پیاوێکی بکردایە گورج تەڵاقی ئەدا. بەمجۆرە دوانزە ژنی داوێنپاکی بەرەڵا کردبوو. ژنێکی زۆر کارکردە و دنیادیدە هەبوو، ناردییە لای کابرا بۆ ئەوەی بیخوازێ، خواستی و هێنایە لای خۆی، ژنکە دۆستێکی هەبوو، ڕۆژێک نانێکی بۆ دۆستکەی دروست ئەکرد و بانگی کرد! دۆستەکەشی کوڕی پیاوێکی گەورە بوو، خزمەتکارێکی لەگەڵ خۆی هێنابوو، خزمەتکارەکە لە حەوشە ڕاوەستابوو، ئاغای لە ژوورەوە بوو، کتوپڕ کابرای خاوەن ماڵ لە دوورەوە دەرکەوت، ژنەکە چاوی بە مێردەکەی کەوت بە خزمەتکارەکەی - کە لە حەوشەکەدا بوو - وتی: تۆ، دەست بدەرە خەنجەر و بڵێ «بە چاوی خۆم چاوم لێ بوو کە هاتە ئەم حەوشەیەوە، بە خوا ئەگەر نەیدەن بە دەستمەوە، ئەچم ئەڵێم بە دارۆغە خانووەکەتان بسووتێنێ و مێردەکەت حەپس بکا».

وەختێ کابرای خاوەن ماڵ گەیشتە حەوشە خزمەتکارکەی بە خەنجەری ڕووتەوە دی و خزمەتکار ئەڵێ: من چاوم لێ بوو کە هاتە ئێرە ئەوا ئەچم خەبەر ئەدەم بە دارۆغە و ژنەکەش ئەڵێ: خوا قبووڵی نییە تۆ بوختان بۆچ ئەکەی، هیچ بیستووتە پیاوی نامەحرەم ڕووبکاتە ئەم ماڵە؟ لە ئاخرا خزمەتکارەکە بە بۆڵە بۆڵ ڕۆیشت، ژنە زوو هاتە ژوورەوە و وتی:

پیاوەکە شتێکم کردووە کە هەتا قیامەت پیاوەتی تۆ بگێڕنەوە، فڵانی کوڕی فڵان کەس، پۆلیس و یاساوڵی حوکمەت بە شوێنیا ئەگەڕان، خۆی هاوێشتە حەوشەی ئێمە، منیش بۆ ئەوە پیاوەتییەکی گەورە بۆ تۆ پەیداکەم ئەوەتا لە پەنای بەستەکە نوێنەکەدا شاردوومەتەوە، ئەو کابرایە کە خەنجەری ڕووتی بە دەستەوە بوو جەندرمە بوو، بە زمانی لووس دەستم پێوەنا و ڕۆیشت، تۆش کوڕەکە بانگ بکە با لەگەڵت نان بخوا کە دنیا تاریک بوو بە ڕێی بکە با بڕوا، بەبێ شک خزمەکانی زۆر زۆر منەتبارت ئەبن! کابرا کوڕەی لە پەنا نوێنەکان هێنایە دەرەوە ماریفەتێکی زۆری لەگەڵ نواند و لە پاش نانخواردن ڕەوانە کرد و گەلێ مەمنوونی ژنەکەی بوو.

یەک دوو ڕۆژی پێ چوو ئێوارەیەک دیسان نانی بۆ دۆستێکی تری دروست ئەکرد و بانگی کرد و پێی وت: ئیمشەو پێکەوە ئەنوین. ئێوارە لە پاش نوێژی شێوان، مێردەکەی هاتەوە، ژنە گورج عەبایەکی هێنا دای بە سەر دۆستەکەیا و چوو بە پیر مێردەکەیەوە، وتی: پیاوەکە خوشکێکم هەیە ژنی کوڕێکی بێ شەرمە، مێردەکەی شەڕی لەگەڵ کردووە، ئەویش تۆراوە و هاتۆتە ئێرە، شەرمیش لە تۆ ئەکا زۆر شەرمنە، خۆ ئێمەیش ناشوکری نەبێ هەر یەک ژوورمان هەیە ئەگەر ڕێ ئەکەوێ ئیمشەو یا لە مزگەوت یا لە جێگایەکی تر تەشریفت بنوێ!

کابرا وتی: زۆر چاکە و ڕووی کردە چارشێو بەسەر و وتی: یاخوا بەخێر بێی دایکەکەم و بە ژنەکەی وت: زۆر خزمەتی بکە مادام تۆراوە و ڕووی کردۆتە ئەم ئاشە کۆنە. ئەویش وتی: بەسەر چاو لە سایەی خوا و سەری تۆوە لەسەر هیچ پەک ناکەوێ تەنها زایفەیەک چییە با مانگێک دانیشێ!

ئیتر کابرا هەستا چووە مزگەوت وەکو گوونی هەلاج لە سەرمانا ئەلەرزی، بەیانی ڕووی کردە ماڵ، کابرای دۆستە درەنگ خەبەری بۆوە و خۆی گورج کردەوە و هات لە قاپی بچێتە دەرەوە خاوەن ماڵ گەیشت! ژنەکە دەستوبرد ڕووی کردە دۆستەکەی و وتی: وەڵڵاهی دڵت ئەوەندە پیس نەبێ، هەتا ئێستا لەلای خۆم بووە و نەچۆتە هیچ جێگایەکی تر، لە سایەی خواوە خوشکی من لەوانە نییە بچێتە ماڵان!

کابرای مێردی وتی: چییە و ئەم زەلامە چی ئەوێ؟ ژنەکە وتی: پیاوەکە خۆت ئەیزانی ئێوارە فاتەی خوشکم بە تۆراوی هاتە ئێرە منیش گلم دایەوە، بەیانی زوو گەلێ جنێوم پێ دا وتم مێردەکەت لێی داوی دەستی خۆش بێ بە خوا ئەبێ بڕۆیتەوە و ڕەوانەم کردەوە، ئێستا ئەم کوڕە زاواکەمە هاتووە ئەڵێ خوشکت ئیمشەو لە کوێ بووە؟ تۆ سەری خۆت سا لێرە نەبووە؟ کابرای مێرد ڕووی کردە دۆستی ژنەکە و پێی وت: وەڵڵا وەبیلا ژنت ئیمشەو لە باخەڵی خوشکیدا بووە، لە هیچ جێگایەک نەبووە دڵت هیچ نەکا!