پیرەمێرد گێڕایەوە وتی: ماقسووداغا هەبوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  897 بینین

پیرەمێرد گێڕایەوە وتی: ماقسووداغا هەبوو لە بنەڕەتا عارەبی جبوور بوو. نەخوێندەوار بوو، لە باخی پورەگی - کە ئێستا جێگای ماکینەی ئەلەکتریکە کۆنەکەیە - خانوویێکی بوو، ژنێکی خەڵکی سولەیمانی هێنابوو، خۆی پیرێکی زرتە بۆزی توڕە بوو، هەمیشە لەگەڵ منداڵانا شەڕە جنێوی بوو، ژنەکەش ئافرەتێکی بە عیشوە و ناز و تازە بوو. دراوسێیەکی فێڵباز و گاڵتەچییان هەبوو «عەبۆلی ئەوڵای شەریف»ی ناو بوو، هەموو جار مەقسوود ئاغای تووڕە ئەکرد بۆ ئەوەی جنێوی بداتێ.

ئەم مەقسوود ئاغایە پیرێکی نەوسن و چڵێس بوو، هەموو ڕۆژێ ئەچووە بازاڕ سا هەرچی بۆ ماڵ پێویست بووایە ئەیکڕی و ئەیناردەوە، بۆ خۆیشی شتێکی وەک هەنار یا سێوی ئەکڕی، دەستەسڕێکی ئاڵی گوڵداری عەجەمی هەبوو، ئەیکردە دەستەسڕەکە و بە ڕێدا ئەهاتەو، تا ئەگەیشتە ماڵەوە، وچانێکی لەسەر دووکانەکەی «سەعەی خلە سێ سەر» ئەگرت، تۆزێ ڕایئەبوارد و ئەو وەختە ئەچووەوە.

عەبۆل ڕۆژێ ویستی ئاین و ئۆینێکی فێڵبازی لەگەڵ بکا، چوو دەسەسڕێکی وەک دەسەسڕەکەیەوە و لەوێ دای ناوە، وچان ئەگرێ، ئەویش چوو بە قەد هەنارەکانی ئەو شووتی و کوولەکەی کڕی و کردییە دەسەسڕەکەیەوە، هات لە تەنیشت ئاغاوە دانیشت و بە دزییەوە دەسەسڕەکەی ئاغای هەڵگرت و دەسەسڕەکەی خۆی دانا و هەڵسا ڕۆیی. ئاغاش دوای ماندوو حەسانەوە دەسەسڕ هەڵئەگرێ و ئەچێتەوە بۆ ماڵەوە بانگ ئەکاتە ژنەکەی و ئەڵێ: وەرە ئەم هەنارانە بەرە یەکێکیانم بۆ هەڵوەرێنە. ژنە دەسەسڕ ئەباتە ژوورەوە کە ئەیکاتەوە کۆڵەیە، ئەڵێ: ئاغا یا خوا بەخێر بێیتەوە ئەو شووتییانەت بۆ ترشیات هێناوە؟ ئەمڕۆ ئایشێ خلەی خزمم سرکەی بۆ ناردبووم باشە ئەیخەمە ناوی.

ئاغا دەهری ئەبێ دەست ئەکا بە جنێودان، ئەڵێ: ئافرەت شووتی چی! هەنارم بۆ خۆم کڕیوە، تۆ وڕێنە بە بیزوو ئەکەی؟ ئاخۆ کێت گرتووە؟ ئافرەت ئەگرێ و دەسەسڕ دێنێتە بەردەمی، ئەبینێ ڕاست ئەکا شووتییە، ئینجا هەڵئەستێ بە تووڕەیی شووتی بەرێتەوە بۆ سەر بەقاڵ، لە ڕێ لا ئەداتە دووکانی سەعە، عەبوولیش وا بە دوایەوە بزانێ چی بەسەر دێ، دیسان دائەنیشێ حەکایەتی خۆی بگێڕێتەوە، عەبۆل ئەیخڵافێنێ دەسەسڕەکی خۆی بۆ دائەنێ و شووتی خۆی هەڵئەگرێتەوە!

ئاغا بە تۆڕەییەوە ئەچێتە سەر بەقاڵ ئەڵێ ئەمە موسڵمانەتییە شووتیی کۆڵە ئەدەی بە من لە باتی هەنار؟ دەسەسڕ ئەدا بەسەر سنگی بەقاڵا و ئەکرێتەوە ئەبینێ، هەنارەکانی لە ناوایە! قالەی پیرۆت لەوێ ئەبێ جڕتێکی نیو هۆقەیی بۆ ئەکەنێ و ئەویش بە تەریقی و شەرمەزارییەوە هەنار ئەکاتەوە ناو دەسەسڕ و ئەگەڕێتەوە، عەبۆلیش وا بە دوایەوە.

سا ئەغا لە دوکانی سەعە دائەنیشێ و دانانیشێ عەبۆل ئەچێ شێلم ئەکڕێ و ئەیهێنێ دیسان ئەیگۆڕێ و ئاغا ئەچێتەوە ماڵەوە، دەسەسڕ دائەنێ ژنە بانگ ئەکا ئەڵێ: نا وەجاخ تۆ سیحر بازی! ئەمجا دسەسڕەکە لە پێش خۆم بکەرەوە. کە ئەیکەنەوە شێلمی کاڵ دەر ئەچێ، ئینجا گۆبەند خەست ئەبێ، ئەڵێ: ژنەکە تۆ جادوگەری ئەتوانی منیش بکەی بە کەر و بم فرۆشی، بڕۆ سێ بە سێ تەڵاقت کەوتبێ! دەسەسڕ هەڵئەگرێ دێتەوە دوکانی سەعە، لەوێ دەردی خۆی ئەگێڕێتەوە، عەبۆل لەوێ بە سووکی دەسەسڕی لە دەست وەرئەگرێ و ئەڵێ: با بیبەم لە ڕووناکی تەماشای بکەم، ئاغا تۆ خەڵەفاوی، کەری خۆتت لێ بووە بە ڕمزون، هەڵسە پێشم کەوە با بتبەمە ماڵی خۆتان لەوێ دەسەسڕەکەت بکەرەوە بزانە چی تیایە؟

ئەیباتەوە ماڵەوە دەسەسڕ ئەکەنەوە هەنارە! ئاغا شەرمەزاری ئەیگرێ، دەست وە داوێنی ئافرەت ماچ ئەکا و ئاشت ئەبنەوە، ئەچنە لای «شێخ بابە عەلی» بە هەر جۆرێ بێ تەڵاقەکەی بۆ پینە ئەکا.