حسێن خانی حاکمی سوورداش کە ئێستایش...
حسێن خانی حاکمی «سوورداش» کە ئێستایش شوێن قەڵاکەی لە گردی بەینی سوورداشی ئەمدیو و ئەودیوا ماوە و خۆیشی لە سوورداش نێژراوە - حاکمێکی بە زەبروزەنگ و نان بدە و زرنگ ئەبێ. ڕۆژێک کابرایەکی «سورقاوشانی» کۆڵێکی لە نۆبەرەی خەیار بۆ دێنێ و بەو بەرەوژوورەدا سەر ئەکەوێ تا ئەگاتە بەر سەرا. قاپیوان ڕێی نادا بچێتە ژوورەوە ئەڵێ: بڕۆ دوو ڕۆژی تر وەرەوە. ئەویش ئەڵێ: لە ڕێی خوادا خەیارەکان سیس ئەبن و تا ئەوسایە لە لایەکیتریشەوە بۆی دێت و من بەخششم بەر ناکەوێ. قاپیوان ئەڵێ: ئەگەر بەخششەکەت ئەدەی بە من ڕێت ئەدەم! کابرا ئەڵێ: چوار یەکێکی بۆ تۆ و ئەوی تری بۆ من. دەس ئەکەن بە سەروخوار کردن، لە ئاخرا بە نیوەیی ڕێ ئەکەون.
خەیار ئەبا. خان ئەڵێ: دە تمەنی بدەنێ. کابرا نایەوێ. خان تووڕە ئەبێ ئەڵێ: مادام بەخششی منی ناوێ دە داری لێدەن! سێ داری لێ ئەدەن، هاوار ئەکا: بووەستن قسەم هەیە... خان فەرمووی: چییە؟ ئەڵێ: قوربان! کە خەیارم هێنا، قاپیوان نەیهێشت بێمە خزمەتت، وتی: هەرچی بەخشش وەرئەگری بۆ من بێ، ئینجا ڕێت ئەدەم، لە پاشا هاتە سەر سێ یەک و دوایی بوو بە نیوەیی ئێستا سێ دارم خوارد، ئەوا سێ یەکە، من بە سێ یەک کڕە ئەکەم، ئەوی تری با بۆ قاپیوان بێ!
قاپیوان بانگ ئەکەن سێ داری لێ ئەدەن ئەڵێ: قوربان بە سێ یەک ڕازیم، لە لووتی خۆم و باوکیشم دێتەوە! خان پێئەکەنێ، پەنجا تمەن ئەدا بە کابرا و قاپیوانیش جارێ هەر تۆپە جاوەکەی بۆ ئەمێنێتەوە!