ئەگێڕنەوە لە زەمانی سوڵتان بایەزیدا...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  1149 بینین

ئەگێڕنەوە لە زەمانی سوڵتان بایەزیدا لە ئەستەمبوڵ، وەزیرێک ڕایسپاردبوو ئێسترێکی چاکی بۆ بکڕن، کە بە سواری پێی بچێ بۆ «مابەین» و بێتەوە. ئەم وەزیرە هەموو جار ئەیوت؛ شەیتان هەر نییە، هەر کەسێ بڵێ هەیە درۆ ئەکا. شەیتان چوو خۆی کرد بە ئێستر و لە قەرسیلی کابرایێکی فەقیر دەستی کرد بە قەرسیل خواردن. کابرا گرتی و بردییە ماڵەوە، هەرچەند پرسیاری کرد ئێستر خاوەنی نەبوو، بردیانە بازاڕ، وا ڕێکەوت پیاوی وەزیرەکە هاتبوو ئێستر بکڕێ، وەزیر دوو سێ ڕۆژ سواری بوو تەماشای کرد ئەم ئێسترە ڕەوتێکی خۆشی هەیە، فنجانی قاوە نالەنگێنێ و زۆر هێمنە، جووتە ناهاوێ، گاز ناگرێ، ئیتر وەزیر لە خۆشی ئێستر پێی نەئەکەوتە زەوی.

ڕۆژێک بە سواری لە مابەین و هومایۆن گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، بۆرییە ئاوێک کە لە دیوارێک قایم کرابوو - لوولەیەکی بچکۆلە بە سەرەکەیەوە بوو، ئێستر دەمی بۆ لوولە ئاوەکە درێژ کرد، وەزیر زانی کە تینوویەتی، دابەزی لەغاوی لە سەر داگرت و ئاوی بۆرییەی بەردا، ئێستر دەمی خستە ناو ئاو و باریک بووەوە و بە زین و بەرگەوە چووە ناو لوولەکەیەوە!

وەزیر بانگی کرد! کرێکار بێت ئەم بۆرییە لەم دیوارە تێک بدا، کرێکار دەستیان کرد بە دیوار تێکدان. خاوەنی دیوار چوو شکاتی کرد، چەند جاندرمەیەک هاتن لە وەزیریان پرسی: بۆ چی خانووی خەڵکی وێران ئەکەی؟ وەزیر وتی ئێسترەکەم چووتە ئەم بۆرییە ئاوەوە! وتیان: جەنابی وەزیر خۆ تۆ ئەقڵت هەیە، ئێستر بەو زەلامییە، بۆری بەو بچووکییە چلۆن ئەچێتە ناوی؟ خۆ ئەم بۆرییە ترۆزییەکەی عەرەبستان نییە! وەزیر هەر لەسەر قسەی خۆی بوو، وتی: بە چاوی خۆم چاوم پێکەوت چوو بە کونی بۆرییەکەدا. لە ئاخرا کۆمەڵێک لە پزیشکان کۆ بوونەوە ڕاپۆرتیان دا کە وەزیر شێت بووە و خستیانە تیمارخانەی شێتانەوە!

هەژارە ماوەیەکی زۆر لە تیمارخانە مایەوە، ئاخری دۆست و برادەری هاتن وتیان: باوکم! تۆ واز لەو قسەیە بێنە با ڕزگارت ببێ. ئەمجا کابرا بە ناچاری وتی: بابە درۆم کرد. بە هەر تکا و پاڕانەوەیەک بوو لە تیمارخانە هاتە دەرەوە. ڕۆژێک بەو کۆڵانەدا کە بۆرییەکەی لێ بوو ڕابوورد، تەماشای کرد ئەوا ئێسترەکە هەر دوو گوێی لە کونی بۆرییەکەوە هێناوەتە دەرەوە! وتی: چی بکەم چاوێکم لە گوێچکەکانتە و چاوێکیشم لە گۆشەی تیمارخانەکەیە!