داخم لە دڵ داخان نیا

لە کتێبی:
هەوارگەی دڵان
بەرهەمی:
سەید تاهیر هاشمی (1915-1991)
 2 خولەک  1007 بینین
داخم لە دڵ داخان نیا، هەروا لە باخان بێ بەشم
پشکووتووە غونچە و ئەمن، دڵ عەینی وەک پشکووی گەشم
بۆ ئەو نیگارەی دڵکەشم
مەجنوونی کوردان گەر منم، کوا لەیلەکەی خاوەن وەفام
گەر شایەنی ئەو مەهوەشەم، کوا جامی پڕ شەوق و سەفام
من لایەقی جەور و جەفام
یاران ئەگەر من موشتەریم، سا بۆچ نەبێ زوهرەم قەرین
مڕیخە تالیعم وە یا، بەشمە دڵی زار و غەمین
بەسمە هەناسەی ئاگرین
بۆی بۆپڕووزی باڵەکەم، دای لە دەماخی ئاسمان
گریان بە حاڵی زیللەتم، جوملەی عەزیزانی جیهان
تۆ هەر وەکوو خۆت بێ ئەمان
ئامان لەو کاتەی کە من، مەحرووم کرام لە باغی دڵ
مایەی ویسالی تۆم نەبوو، غەیری عەزا بۆ داغی دڵ
بێ نوور و بێ چراغی دڵ
هانا لە ئەو وەختە کە من، بێ بەش کرام لە ماڵی خۆم
نەیهێشت جەفا، پنهان بکەم، سەرێ لەبن ژێر باڵی خۆم
تەعبیر چلۆن کەم حاڵی خۆم
سووتام پڕووزام هاودەمان، بە ئاگری فیراقەوە
مردم نەماوم دۆستەکان، بە دەردی ئیشتیاقەوە
بە میحنەتی نیفاقەوە
تاهیرناسناوی ئەدەبی چ حاسڵ دەردی دڵ، نە دڵ لە لا و نە دڵبەرت
پێ دا مەکێشە بەسیەتی، با پێ وڵو نەبێ سەرت
بمرە بۆ باخی بێ بەرت