٥٧
پیاوچاکێ خەون بە بەکرەوە دەبینێ
لە کتێبی:
وەرگێڕانی مەم و زین
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
4 خولەک
878 بینین
ئاگا لە جیهانی پیر یەکێ پیر
گێڕایەوە بۆم شتێکی دڵگیر
گۆیا هەبوو پیرێ دوورەدنیا
دەژیا لە چیایەکا بەتەنیا
سەرگەرمی هەوای خوداپەرستی
دایگرتبوو بیری خۆشەویستی
خواناسی بەدڵ، نە سەرزمانی
دڵڕوونی ئەوینی ڕاستەقانی
چەوسا بوو لە ڕێگەدا گەلێ ساڵ
تا گیانی لەسەر لەشی ببوو زاڵ
تێکەڵ بە خودا ببوو بەجارێ
بێ ئەو بە کەسی نەمابوو کارێ
خواخوا بوو هەموو دڵۆپی خوێنی
دەیزانی گەلێک شتی نهێنی
هەر لێکی بنایە پەلکی چاوان
دەیدی لمی سەر بەژ و پەنایان
جارێک لەنێوانی ڕۆژ و شەودا
یان نیوەشیار بوو یان لە خەودا
باڵداری گیانی کەوتە گەشتێ
چوو گەردشی کرد لەناو بەهەشتێ
کۆشکێکی لە زێڕ و گەوهەری دی
زۆرتر لە هەزار کوڕ و پەری دی
پارچە هەمەڕەنگەیان دەبەر بوون
لەو کۆشکە کەنیز و کارەکەر بوون
وا تاج بەسەرێکی شۆخ لە دەرگا
زۆر قۆز و تەیار لە ڕەنگ و بەرگا
وێستاوە بەهێمنی لەجێوە
ڕووخۆشە، گەشە و بزەی لە لێوە
ئەی پایەبڵند، وتی: ئەتۆ کێی؟
ئەو کۆشکە بە کێ دەگا کە تۆی لێی؟
بەکرم وتی مامی پیری زانا
بەخشیمی بەزەی خودای توانا
ئەودەم چوو کە بووم دڵ و بەخت ڕەش
لای زین و مەمێ کراومە هاوبەش
ئەم کۆشکە دەبینی هەشت نهۆمە
هی وانە حەوت، یەکێک هی خۆمە
لێرەش ئەوە چاوەدێری وانم
پیشەم وەکی پێشە، دەرکەوانم
زۆر بەختەوەرم گەلێ بەنازم
دۆستییانم و پاسەوانی ڕازم
لام وایە کە لێرە ڕادەمێنی
لەو بارەوە دوو دڵی دەچێنی
ژین تاڵکەری زین و دوژمنی مەم
چۆن ڕۆنەبرێت لەناو جەحەندەم؟
ئاگات لە جیهان هەیە نە لێرە
جێم ئێرەیە، گوێ لە من بدێرە
هەرچەندە بەدڵ بەوان نەیار بووم
ماکەی گەڕ و بەدفەڕی و گەمار بووم
نەمهێشت کە بەیەک بگەن بەخۆشی
هەریەک لەدەسم زووخاوی نۆشی
خۆم کردە چوقڵ لەبەینی وانا
خۆشم لەسەر ئەو شتانە دانا
بڕوانی بەڵام بە چاوی دووربین
ئەم تاڵییە دای بەرێکی شیرین
کێ زۆر لە جیهان ژییانی خۆشە
زۆر وایە کە لێرە دڵپەرۆشە
کێ ڕەنجدەر و دڵ بە دەرد و ئێشە
دوای کۆچی دوایی زۆر لەپێشە
بۆ ئێرە و ئەوێ وەکی هەوێیە
وەک دوژمنی سەختی خوێنەخوێیە
تا تۆ لە یەکێکی چاو نەپۆشی
بۆ ویدی بکۆشی بابەکۆشی
لای وا نییە هیچ بە بیر و ژیرێ
دوو شووتی بە دەستێ هەڵدەگیرێ
من زین و مەمم لەسەر زەمینێ
تووش کرد بە پەژارە و گرینێ
کێشامنە بەرێ بە داخ و دەردان
دەستم لە جیهانی ئێوە بەردان
ئەو چەرمەسەرەم کە داوە پێیان
وا ئێستە دەبینی چۆنە جێیان
هۆی من بوو درا بە وان بەهەشتێک
دایانمێ ئەویش لە هەشتێ مشتێک
تاژدین؟ وتی: چۆن دەبێ کە تۆی کوشت؟
چی دێتەوەڕێ کە خوێنی تۆی ڕشت؟
پێی گوت کە خودا لەویش دەبوورێ
بەخشینی کڕی بە قەڵتی شوورێ
بۆتان کە وەڕەز ببوو لە دەستم
خستم هەچی دەبوە بەرهەڵستم
وەک مار، ئەوی هاتە پێشێ گەزتم
ڕزگار نەدەبوون لە بەند و بەستم
وەک دەردی گران لە گەل پەیا بووم
وەک کوندەبەبوو ژیام هەیا چووم
ئەو دەستی کە ئەو لە من وەشاندی
هەر دەردێ لە دڵ هەبوو پەڕاندی
ئاسوودەکران هەژار لە چەنگم
دەرچوون دڵی تەنگ لە چاوی نەنگم
گیرابوو لەبۆی نزای هەژاران
نووسراوە ئەویش لە چاکەکاران
کار هەن بەڕواڵە نالەبارن
دەیکۆڵییەوە زۆری بەهرەدارن
خوا ڕازی گرنگی خۆی بە هاسان
ناداتە نیشانی خۆنەناسان
بڕوانە دەبەخشێ بەکر و تاژدین
دووی دوژمن و دۆست لەبەر مەم و زین
ئەم ڕازە گەلێک نهێن و کوورە
بیری من و تۆ لەوانە دوورە؟!!
هەر چۆنی ببی نزیکی باشان
هەر باشییە دێتە ڕێت لەپاشان
گەر یاری بە دڵ، لە ڕێت دەکۆشن
پێت شادن و کز بی بۆت پەرۆشن
گەر دوژمنی، ئەو لە کینە دوورن
لە گوناهـ و هەڵەی نەزان دەبوورن
ناکەس نەچی هەر نەبی تخوونی
گەر یار و نەیاری سەرنخوونی
مردارە لەشت کە سەگ پەرستی
گەر دوژمنی، ڕاکە قاچی گەستی
دڵداری گەلێ بڵند و بەرزە
گەر دوور بێ لە کاری پیس و هەرزە
هەرکەس کە دەبێ نزیک ئەوینێ
هەر چۆن بێ بەزەی خودا دەبینێ
بەخشینی خودا بەدوور مەزانە
هەر بەندە بڕێک لەسەر بەهانە
نەخوازە لەگەڵ هەژاری دڵدار
هەر خۆی کەسی بێکەسە و بزیکار
لەم شیوە بە سەربری مەبوورە
باش ورد بەرەوە، تێبگە چ جوورە
دوژمن بە ئەوینێ بەهرەوەر بن
دۆستان دەبێ چەندە بەختەوەر بن!
تاژدینێ دەبەخشێ، یاری یارە
بەدکارییە بۆ بەکر بەکارە
دڵداریەکی پاک بکە بە پیشە
هانات بەرە بەر خودا هەمیشە