٥٥

زینیش لەسوێی مەم دڵی دەتۆقێ
لە کتێبی:
وەرگێڕانی مەم و زین
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  829 بینین
دڵگەستەیی ئەژدەهای ئەوینێ
کوژراوی دوو چاوی مەستی زینێ
گیراوی گوناهی بێگوناهی
سووتاوی گڕ و دوومانی ئاهی
ئەو تازەنەمامی وا لەبەر دڵ
بەژنی بە نەکامی کەوتە بن گڵ
وەک گەوهەری گەنج بە خاک سپێرا
ماریشی لە پێینیی وەشێرا
ئەو کێلی چەقا لەبن سەری مەم
دەیگوت کە سەرم بڵندە، گەورەم
کوا کێلێ کە شان لە شانی من دا
کێ نووستووە وەک مەمی لەبندا؟
شای کۆمەڵ و هۆزی سەرفەرازان
میوانمە، دەبمە جێی نیازان
زین هات و لەدەوری کێلی هاڵا
لێی کردە نسێ بە بەژن و باڵا
خوێن هەڵدەوەری لە چاوی ئاڵی
دەتوایەوە دڵ لە ناڵەناڵی
چاوی وەکوو هەوری خاکەلێوە
ڕێژنەی بەگوڕی دەڕشت لەجێوە
فرمێسکی لە گۆڕی مەم کە باری
ڕەنگا بە مراری گۆڕی یاری
چەندەی دەکشاند لە دڵ هەناسە
تێکڕا ئەوی خزمە یان نەناسە
فریادی بڵند دەبوو بە گریان
کێ بوو دڵی بۆی نەبێ بە بریان؟
پێشمەرگە و ئەفسەر و وەزیران
دەروێش و لەپێش و لاو و پیران
دڵدار و جوان و نازەنینان
دارا و هەژار و دڵبرینان
وێکڕا وەکوو زینێ دڵبەخەم بوون
ڕۆڕۆ دەگەییشتە چەرخی گەردوون
هاوار و گرین و داد و شینی
بردی گوڕ و هێز و تاو و تینی
ڕۆنیشت لە پەنای سەری مەمی ژار
دەیگوت بە سەد ئاخ و زاری، ئەی یار
ئەی خێوی دڵ و لەش و گیانم
باخ بووم و ببوویە باخەوانم
لەو ڕۆژەوە باخی خۆت نەدیوە
وشکە، کزە، زەردە، پەلوەریوە
شللێرەیی لێو و پستەیی دەم
بادامی دوو چاو و سێوی کوڵمەم
دوو مەمکی بڕەوشکێنی لیمۆ
بێناز و لە هەڵوەرینە بێ تۆ
لێت ڕوون بێ کە نادرێتە دەس کەس
تۆی خاون و تۆ دەناسن و بەس
ئەم بەژنە لەسەر تۆ ڕاوەشێنم
میوە و گوڵ و پەلکی داوەشێنم
شەوبۆن و وەنەوشە و هەڵاڵان
بسک و خەت و خاڵ بدەم بەتاڵان
وەک گوڵ شمەکی دڕوو دەبەر کەم
بۆ تۆ قوڕ وخۆڵ و گڵ وەسەر کەم
بسکان هەموو تابەتا بکێشم
وەک گیانی پەژار و پڕ لە ئێشم
ئەم باخی گوڵەم بەڕێکوپێکی
هەر پەلک و شکۆفە و چڵێکی
بۆ تۆ بوو کە بێی و لێی بنۆڕی
تۆش جێگە دەگۆڕی، جێ لە گۆڕی
من جوانی چ لێدەکەم بەبێ تۆ؟
بۆ تۆ نەبێ با بچێ بەفیڕۆ
ترسم کە نەبا دڵت دەمێنێ
هەر پارچەیەکم دەخستە شوێنێ
جوانیم و منیش کە بووینە ماڵت
کاتێ کە دەمرم و دێمە پاڵت
لێمت دەوێ ڕەنگ و بۆنی جوانیم
چاوی بەڵەک و برۆی کەوانیم
سەر کوڵمە بە سووری، لێو بە ئاڵی
سەرسینە بە نەرمی، مەم بەکاڵی
بسکی ڕەش و بەژنی نەونەمامم
نەممابێ دەبێ چ بێ وەرامم؟
چی لامە دەبێ بگا بە خێوی
نەیگاتێ کەمایەسی و پەشێوی
بۆ وەی کە لە دیدەتا نەبم سووک
ڕازاومەوە بۆت لە چەشنی نۆبووک
وەک پێشووە بەژنی شۆخ و شەنگم
سەرخۆشت ئەکەم بە بۆن و ڕەنگم
ئامادەیی ماچی تۆن دوو لێوم
تورت و شەقەمەمکی شەکرەسێوم
هەر چۆنی منت دەوێ تەیارم
بمگوێزەوە سازە کاروبارم
گۆڕیچەیی تۆ دەکەینە پەردوو
ترسی نەگەیین بەیەک، بەسەرچوو
هامێزی لە کێلی مەم وەرێنا
ئاخێکی دوای بە ژینی هێنا
گیان هەڵفڕی چوو بەلای خوداوە
لەش کەوتە زەوی و چرای کوژاوە
لەو کۆمەڵی پڕ پەرۆش و ئازار
نوێ بۆوە دوبارە داد و هاوار
توێژاڵکی برینی کۆنە لاچوون
دیسان لە قوڕی پەژارە ڕاچوون
ژان چۆوە دڵان بە مەرگی زینێ
گیرایەوە کۆز و کۆڕی شینێ
وەک جۆ و پلۆسک و چەم، هەموو چەم
فرمێسکی وەراندە سەر گڵی مەم
شۆرایەوە گڵ بەتاوی باران
بارانەیی چاوی خزم و یاران
قاپۆڕەدوڕی کە داخرا بوو
ئەو گۆڕیچە وا مەمی تیا بوو
سەرپۆشی سەری کە هەڵدراوە
بوخچەی گوڵ و بۆنی خۆش کراوە
زینی شل و مل خرا تەنشتی
پێک گەینەوە دوو مەلی بەهەشتی
ئەی مەم وتی میر: دە بگرە زینت
وا کردمە یاری هاوسەرینت
پیرۆز بێ لە تۆ و لە دەزگیرانت
ڕابوردنی خۆشی ئەو جیهانت
لەو گۆڕەوە مەم وەرامی داوە
خۆش هات و جێگای لەبانی چاوە
ئەو ڕازە گرینگە هەر کێ بیستی
زانی چییە نرخی خۆشەویستی
بۆ وانەیە ئافەرین کە وا چوون
دڵتەنگ دەژیان و دڵنیا چوون
خاکاوی نەبوون و چوونە ژێر خاک
دۆڕاندنی بۆ نییە دڵی پاک
ئەو یاری کە پاک و پاکڕەوشتن
ژیانیان نەمرە و لەناو بەهەشتن
لێو توونی و کەم لە یەک نەدیوان
ئامادەیە لای خودا بەشی وان
ژیان خۆشە لەگەڵ ئەوین برا بێ
گیان خۆشە بەهۆی ئەوین جیا بێ
هەرکەس بە جوانی چەشنی زینێ
دڵداری بوێت لەباتی ژینێ
یان وێنەیی مەم لەڕێی ئەوینێ
خۆشی و گەشەیەک لە ژین نەبینێ
سەردانێ لەڕێی نیازی پاکا
خوا یاری دەبێ و زییانێ ناکا
ئەی خوایە بە نازی نازەنینان
بە نیاز و نزای جگەربرینان
ئەی خوایە بە شیرنی جوانی
بەو دڵتەڕی دوور لە کامرانی
خوایە بە دڵێ ئەوین دەچێژێ
بەو چاوە سریشکی ئاڵ دەڕێژێ
ئەی خوایە بە ناڵەناڵی بولبول
خوایە بە خوناوی ناوی سوورگوڵ
ئەی خوایە بە ئاهی لەیلی بێڕەنگ
بەو شێتی هەژاری لەیلی دڵتەنگ
ئەی خوایە بە ئاهی لێوبەباران
ئەی خوایە بە پێکگەیینی یاران
ئەی خوایە لەڕێی کوڵی دڵی مەم
بەو زینە کە کەوتە سەر کڵی خەم
بێبەش لە ئەوین مەهێڵە خانیناوی تایبەت
ئەو کاتە کە دەردەچێ گییانی
پێغەمبەری خۆش بوێ هەتا سەر
بۆ دوایی نەبێتە داری بێبەر
بێکین و لە دۆستی پڕی کەی
گیان و دڵی فێرە باوەڕی کەی
سەرزارەکی زۆر بەچاووڕاوە
خاوێندەمە، کردەوەی گڵاوە
ئاکاری لە کاری چاک نەبانە
سەرگەرمە بە کاری پێچەوانە
مەیهێڵەوە هێندە بۆ کوڵ و خەم
با بەر بەزەییت کەوێ وەکوو مەم
هەرچەندە نەچۆتە ڕیزی پاکان
بیبەخشە وەکوو بەکر بە چاکان